باسكال مەشعەلانی رای گەیاند، لە كوردستان لبنانییەكی زۆر دەژین و باسی ئەم وڵاتە و میلەتەكەیان بۆ كردووم، شانازی دەكەم پێشكەوتنێكی زۆر هەیە.
دوێنێ یەكشەم 29ی كانوونی یەكەم، خاتوونە هونەرمەندی دیاری لبنان باسكال مەشعەلانی گەیشتە هەولێر، بڕیارە سەری ساڵ لە كوردستان گۆرانی بڵێت و وەك خۆی دەڵێت: هاتووم دڵەكان بە گۆرانی رۆشن بكەمەوە.
ئەو هونەرمەندە لبنانییە ئەوەشی گوتووە، باسی كوردستان و كوردیان زۆر بۆ كردووم، شانازی دەكەم و دەبیستم گەشە و پێشكەوتنێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ئاوەدانییەكی زۆریش هەیە.
باسكال پێش ئەوەی بێتە هەولێر، گفتوگۆیەكی كورتی لەگەڵ سایتی "سەبا" كردووە و باسی ئەوەی كردووە، بە هیچ شێوەیەك بیر لە وازهێنان لە گۆرانیگوتن ناكاتەوە، بەڵكو هەوڵ دەدات كاری نوێتر و جوانتر پێشكەش بكات.
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی كاریگەریی تەمەن بەسەر كارە هونەرییەكانیەوە، باسكال گوتی: تاكە هۆكار كە وام لێ بكات بیر لە وازهێنان و دووركەوتنەوە لە هونەر بكەمەوە، ئەوەیە كە بزانم ئیتر دەنگم گونجاو نییە بۆ گۆرانی و بە دڵی جەماوەر نەبێت، ئەو كاتە سنوورێك بۆ كاروانی هونەریی خۆم دادەنێم، بەڵام بە هیچ شێوەیەك تەمەن نابێتە هۆكار كە واز بهێنم، تا ئەو كاتەی دەنگم باشە و جەماوەر پێشوازی لە كارەكانم دەكەن، بەردەوام دەبم و كاری نوێتر پێشكەش بە جەماوەرەكەم دەكەم.
بە پێچەوانەی زۆربەی هونەرمەندانی تر، باسكال پێی وایە هونەر هیچی لێ نەسەندووە، بەڵكو ناوبانگ و پارەی پێ بەخشیوە، لە هەموویشی گرنگتر خۆشەویستیی خەڵكی پێ بەخشیوە كە سەروەتێكی زۆر گرنگ و بەهادارە بۆ ئەو.
لەبارەی رۆڵی خێزانەكەی لە كاروانی هونەریدا باسكال دەڵێت: بە درێژایی كات لە باوەشی خێزانەكەمدا دەژیم و پارێزراوم، هەموویان رۆڵێكی سەرەكییان هەیە لە كاروانی هونەریمدا.