یەكێتی لەگەڵ توركیا رێك كەوت

:: PM:07:23:01/01/2025 ‌

لە هەنگاوێكدا هێزە تەناهییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئۆفیس و بارەگەی ئەو حزبانەیان داخست كە نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان ناسراو بە پەكەكە.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی كانوونی دووەمی 2025، هێزە تەناهییەكانی یەكێتی بارەگەی حزبەكانی سەر بە پەكەكەیان داخست، بەشێك لە چالاكانی سەر بەو هێزانە دەڵێن، یەكێتی رێككەوتنی لەگەڵ توركیا كردووە بۆ ئەوەی ئاسمانی توركیا بە رووی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بكاتەوە.

هەرچەندە یەكێتی لە رێی میدیاكانی بڵاوی كردەوە كە ئەو بڕیارە دوای ئەوەی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق لە یەكی ئابی 2024 دێت كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ حزبی لە هەرێمی كوردستان دەركرد، بەڵام سێبەر سەنگەسەری ئەندامی یەكێك لەو حزبانەیە، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو بڕیارە لە ئەكامی رێككەوتنی نێوان توركیا و یەكێتییە.

زیاتر گوتی، یەكێتی رادەستی توركیا بووە، ئەو بڕیارە پێنج مانگە دەركراوە، كەچی تازە یەكێتی لە پڕێك جێبەجێی دەكات، لەكاتێكدا پێشتر لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق مۆڵەتمان نەبوو، بەڵام یەكێتی بۆ موزایەدەی سیاسی داینەدەخست.

دەشڵێت، تاكە هۆكاری یەكێتی بۆ داخستنی ئەو بارەگایەنە بەهۆی ئەوەی پێوەندییان بە پەكەكەوە هەیە.

شایەنی باسە یەكێتی بارەگەی هەریەك لە "تەڤگەری ئازادی" و "حزبی ئازادی و دیموكراتیی ئێزدی" و "حزبی بەرەی خەباتی دیموكراتی" داخست، هاوكات دوێنێ سێشەم 31ی كانوونی یەكەمی 2024، بارەگە و ئۆفیس و كەناڵەكانی سەر بەو سێ حزبە  لە سلیمانی داخران.



وشە - رامیار جەواد