شیشار ئه‌سوه‌د ژه‌نیار و گۆرانیبێژ كه له‌دایكبووی 1989ی كه‌ركووكه، به‌ڕه‌سه‌ن خه‌ڵكی كۆیه‌یه و له هه‌ولێر نیشته‌جێیه و جگه له‌وه‌ی كه به گۆرانییه‌كانی سه‌رنجی خه‌ڵكی بۆ لای خۆی راكێشاوه، له هه‌مان كاتدا ژه‌نیارێكی به‌توانای ئامێری عووده، ئه‌و له چاوپێكه‌وتنی ''وشه''دا باس له‌وه ده‌كات، هه‌رگیز نه‌یویستووه بۆ به‌رهه‌مه‌كانی لاسایی هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆی بكاته‌وه، هه‌رچه‌نده توانیویه‌تی سوود له ئه‌زموونه‌كانیان وه‌ربگرێت.
مامۆستا وشیار ئەسوەدی باوکت جگە لەوەی کە لە نێو خەڵکدا هونەرمەندێکی ناسراوە، رۆژنامەنووس و ره‌خنه‌گرێكی به‌توانای بواری هونه‌رییه، ئه‌و ره‌خنانه‌ی له تۆ ده‌گرێت چین؟
باوكم به به‌رده‌وامی ئاگاداری كاره‌كانمه و هه‌میشه هانده‌ر و پاڵپشتمه، بۆیه پێم وابێت تا ئێسته كارێكی وام نه‌كردووه كه به‌رهه‌مه‌كانم ببنه مایه‌ی نیگه‌رانی و ره‌خنه‌گرتنی جه‌نابیان، چونكه سوود له رێنوێنییه‌كانی وه‌رده‌گرم .
زیاتر خۆت له كام بواری هونه‌ریدا ده‌بینیته‌وه بواری ژه‌نین یان گۆرانیگوتن؟
بێگومان له هه‌ردوو بواره‌كه‌دا كار ده‌كه‌م و به‌رهه‌مم هه‌یه، هه‌ردوو بوارم وه‌ك یه‌ك خۆش ده‌وێت و بایه‌خ به هه‌ردوو بوار ده‌ده‌م.
مه‌رجه گۆرانیبێژ له ئامێرێكی موزیك یان زیاتر شاره‌زا بێت؟
بێگومان پێویسته گۆرانیبێژ ئامێرێكی موزیك بزانێت و هاوكاری بێت بۆ به‌تواناكردنی ده‌نگ له رووی ئه‌داكردن و ته‌كنیك، هه‌روه‌ها بۆ دانانی ئاوازیش هاوكارێكی زۆرباشه .
بۆچی وه‌ك پێویست به‌رهه‌مه‌كانت نه‌چوونه‌ته ناو خه‌ڵك؟
به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی كه ساڵانێكه له ناوه‌ندی هونه‌ریدا كار ده‌كه‌م و ئه‌كتیڤم، هه‌رچه‌نده ره‌نگه به‌گوێره‌ی پێویست نه‌متوانیبێت به‌رهه‌می زۆر تۆمار بكه‌م، بێگومان ئه‌ویش به هاوكاری و پشتگیری نه‌كردن و لایه‌نی دارایی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز له گوێگرانم دانه‌بڕاوم و هه‌میشه له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵاتییه‌كان یان سۆشیال میدیاوه له پێوه‌ندیی به‌رده‌وامم له گه‌ڵیاندا.
له رووی زانستی و ئه‌كادیمییه‌وه چیت خوێندووه؟
له ساڵی 2019 خولێكم بۆ فێربوونی ئامێری عوود له بنكه‌ی عوود به سه‌رپه‌رشتی دكتۆر جه‌نگی جه‌لال ته‌واو كردووه و بڕوانامه‌ی خوله‌كه‌م به‌ده‌ست هێنا، ئێسته خۆم خولی فێركردنی ئامێری عوودم هه‌یه بۆ ئاره‌زوومه‌ندانی ئه‌و ئامێره، جیا له‌وه‌ی له منداڵییه‌وه ئاره‌زووی فێربوونی مه‌قامه‌كانم هه‌بوو، بۆ گه‌یشتنم به‌م ئامانجه‌ش، باوكم و چه‌ند هاوڕێیه‌كی وه‌ك هونه‌رمه‌ندان سه‌ڵاح داوده و شكور خه‌یات، هاوكارێكی باشم بوون بۆ فێربوونی زۆر له مه‌قامه‌كان .
له گۆرانییه‌كانت وا ده‌رده‌كه‌وێت زیاتر لاسایی گۆرانیبێژه‌كانی پێش خۆت بكه‌یته‌وه، ئایا تا ئێسته هیچ شێوازێكی تایبه‌ت به خۆتت هه‌یه كه تۆی پێ بناسرێته‌وه؟
به پێچه‌وانه‌وه هه‌رگیز نه‌مویستووه بۆ به‌رهه‌مه‌كانم لاسایی هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆم بكه‌مه‌وه، پێم وابێت گوێگره‌كانم گه‌واهیی ئه‌و راستییه‌م بۆ ده‌ده‌ن و به‌رهه‌مه‌كانیشم دیارن، به‌ڵام كاریگه‌ریی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكم له‌سه‌ر هه‌بووه و توانیومه سوود له ئه‌زموونه‌كانیان وه‌ربگرم، بێگومان ئه‌وانیش پێش ئێمه وابوونه و له‌م كاریگه‌رییه بێبه‌ری نه‌بوون .
بۆچی ئامێری عوودت هه‌ڵبژارد؟
عوود ئامێرێكی پیرۆزه و هه‌میشه ئارامی به رۆحم ده‌دات، جیا له‌وه‌ی هاوكارێكی باشه بۆ لایه‌نی ده‌نگبێژی و ئاوازدانان، بۆیه به پێویستم زانی ئه‌و ئامێره هه‌ڵبژێرم .
تاچه‌ند گه‌نجان و فێرخوازان حه‌زیان له ئامێری عووده؟
دڵخۆشم به‌وه‌ی كه زۆر له فێرخوازان پێوه‌ندیم پێوه ده‌كه‌ن بۆ به‌شداریكردن له خولی فێربوونی تایبه‌ت به ئامێری عوود، بێگومان منیش هه‌میشه هاوكاریم كردوون بۆ فێربوون و گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌یان .
پڕۆژه و كاری تازه‌ت چییه؟
چه‌ند كارێكم له به‌رده‌سته و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دام به‌رهه‌میان بێنم، هه‌رچه‌نده سه‌خته بۆ دابینكردنی ئه‌و تێچووه‌ی كه پێویسته بۆ به‌رهه‌مه‌كانم ته‌رخانی بكه‌م، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت له هه‌وڵه‌كانم به‌رده‌وامم، به‌هیوام له نزیكترین كاتدا بتوانم نوێترین كارم به‌رهه‌م بێنم و بڵاوی بكه‌مه‌وه .
هه‌ولێر/ ئه‌حمه‌د تاریق