گۆرانییەكی بیلی ئایلیش لە ساڵی 2024دا زیاتر لە ملیارێك كەس گوێیان لێگرتووە

:: PM:02:05:04/01/2025 ‌
یەكێك لە گۆرانییەكانی هونەرمەندێكی ئەمەریكی ریزبەندی یەكەمی زۆرترین گوێ گری ساڵی 2024 تۆمار كردووە و زیاتر لە یەك ملیار گوێگری هەبووە.

گۆرانی  BIRDS OF A FEATHERی بیلی ئایلیش گۆرانیبێژی ئەمەریكی ریزبەندی یەكەمی لە پێگەی "سپۆتیفا" بۆ ساڵی 2024 بەدەستهێنا.

بەپێی رێزبەندییەكە ئەو گۆرانییە  ملیارێك و 781 ملیۆن جار  گوێی لێگیراوە. گۆرانییەكە لە چوارچێوەی ئەلبومێكدا بڵاوكرایەوە كە بووە براوەی خەڵات.

گۆرانییەكە پاڵێوراوە بۆ سێ خەڵاتی تر كە بریتین لە: گۆرانیی ساڵ، تۆماری گشتی و باشترین نواندنی تاكەكەسی.

گۆرانیبێژی پۆپی ئەمەریكی بیلی ئیلیش یەكێكە لەو هونەرمەندە گەنجانەی كە زۆر زوو ناوی دەركرد و بوو بە ئەستێرەیەكی گەش بە ئاسمانی هونەری ئەمریكییەوە. لەگەڵ ئەوەی گەنجە بەڵام هەر زوو جێگەی خۆی كردۆتەوە. هۆكاری ئەوەی لە منداڵییەوە خولیای هونەر بووە و توانیوێتی لە دڵی جەماوەردا جێگەی خۆی بكاتەوە ئەوەیە كە لە بنەماڵەیەكی هونەرمەندە و باوك و دایك و براكەی هونەرمەندن. 

بیلی لە بیستەكانی تەمەنیدا بووە كۆنسێرت و گۆرانییەكانی بوونە هۆی ئەوەی ملیۆنان دۆلار بەدەست بهێنێ و بە هونەر دەوڵەمەند بێ.

بیلی منداڵی خێزانێكی هونەرییە، بۆیە روون بوو لە منداڵییەوە رێگەی هونەر دەگرێتەبەر. ئەم خانمە جوانە لە تەمەنی هەشت ساڵیدا پێوەندی بە كۆڕێكی بچووكی هونەرە نمایشییەكانەوە كردووە و لێرەوە دەستی بە كاری هونەری كردووە. تەمەنی یازدە ساڵ بوو دەستی كرد بە نووسین و پێشكەشكردنی گۆرانییەكانی خۆی.

بیلی ئایلیش " Billie Eilish " باشترین گۆرانیبێژی ئەم سەردەمەی ئەمەریكا لە ساڵی 2019 لە لیستی یەكەمی سەد كەسەكەی گۆڤاری تایمدا بووە. 

ئیلیش بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2015  لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا گۆرانی چڕیوە، یەكەم بەرهەمی خۆی گۆرانی چاوی ئۆشن بووە، كە براكەی " فینیس" وشەكانی بۆ نووسیوە. بیلی بەم بەرهەمەی‌ سەرنجی گوێگرانی گۆرانی بۆ خۆی راكێشاوە و توانیوێتی جێگەی خۆی بكاتەوە. لە 23ی حوزەیرانی 2016 ئیلیش و فینیس گۆرانی "شەش پێ ژێر" یان بڵاوكردەوە، كە دووەم بەرهەمیان بوو. ساڵی 2017 یەكەم بەرهەمی شانۆگەریی خۆی بەناوی زەردەخەنە بۆ من مەكە-  Don't Smile at Me بڵاوكردەوە، ئەم بەرهەمە لە رووی بازرگانییەوە سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا.

 لە ساڵی 2019 یەكەم ئەلبوومی ستۆدیۆی خۆی بە ناوی "كاتێك هەموومان دەخەوین بۆ كوێ دەڕۆین" بڵاوكردەوە. ئەم بەرهەمەشی یەكێك بوو لە ئەلبوومەكانی ساڵ كە زۆرترین فرۆشی هەبوو.

 دواتر ئیلیش گۆرانی سەرەكی " كات نییە بۆ مردن "ی بۆ فیلمی جەیمس بۆند بە هەمان ناو پێشكەش كرد و خەڵاتی ئۆسكاری بۆ باشترین گۆرانی رەسەن لە ساڵی2022 بەدەستهێنا.




وشە - سۆران عەزیز