"هەژماری من"، گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و بەهۆیەوە سەتان هەزار مووچەخۆر لەو رێگەیەوە مانگانە بەبێ ئەوەی گرفتیان بۆ دروست بێت مووچەكانیان وەردەگرن، پڕۆژەكە لە كارەكانی بەردەوامە و مانگانە دەیان هەزار فەرمانبەری نوێ لە رێگەی ئەی تی ئێمەكانی وەزارەتی دارایی لە شار و شارۆكەكان مووچەكانیان وەردەگرن، ئەمساڵیش پرۆسەكە دەگاتە كۆتایی و هەموو فەرمانبەران لەو پڕۆژەیە تۆمار دەكرێن.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە مووچەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو سەتان هەزار مووچەخۆر لە رێگەی "هەژماری من"، مووچەكانیان وەردەگرن و تۆماركردنیش بەردەوامە و مانگانە ژمارەی مووچەخۆران بۆ وەرگرتنی مووچە لەو رێگەوە لە هەڵكشاندایە، شارەزایەكی بانكی دەڵێت، بەهۆی "هەژماری من"ەوە پێشكەوتن و گۆڕانكاری لە كەرتی بانكی لە هەرێمی كوردستان روودەدات.
ناسر ئیسماعیل شارەزای بانكی بە "وشە"ی گوت، یەكێك لە دەسكەوتەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاركردن بوو بۆ دروستكردنی هەژمارێكی تایبەت بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم و كۆتاهێنان بە رۆتینی مووچە و كاروباری فەرمانبەران و بەئەلیكترۆنیكردنی مووچە و رێكارەكانی تر، لە ماوەی رابردوو پڕۆژەكە هەنگاوی گرنگی بڕیوە و سەتان هەزار فەرمانبەر ئەو هەژمارەیان بۆ كراوەتەوە، بەشێكیشیان مانگانە بەپێی هەژمارەكە مووچە وەردەگرن.
روونی كردەووە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، بەڵێنی ئەوەی بە فەرمانبەران دا كە هەژمارێكی تایبەتیان بۆ بكاتەوە، لە رابردوو هەوڵەكانی كردە كردار و لە رێی بانكەوە دەست بە دروستكردنی ئەو هەژمارە كرا، ئێستەش كارەكان فراوانتر بوون و چەند بانكێك ئەو هەژمارە بۆ فەرمانبەران دروست دەكەن، لە داهاتووشدا تەواوی مووچەخۆران ئەو هەژمارەیان بۆ دروست دەكرێت، لەوكاتەی بوونی ئەو پڕۆژەیە بە تەواوی كۆتایی بە رۆتین و دابەشكردنی بە دەستی مووچە دێنێت، بەغدا تەنیا پارەكە بنێرێت، فەرمانبەر لە رێگەی ئەو هەژمارەوە مووچەكەی خۆی وەردەگرێت و ئەمە شتێكی ئەلیكترۆنییە، "هەژماری من"، هەمان شێوەی وڵاتە پێشكەوتووەكانە و خەڵك دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
ئەو شارەزا بانكییە ئاماژە دەكات، ئەو پڕۆژەی سەرۆكی حكوومەت لەبارەی "هەژماری من"، بەو شێوازە ئەلیكترۆنییە گرنگیی خۆی هەیە، كۆتایی بە قۆناغی هەڵگرتن و دەستاودەستكردنی پارەی كاغەز دێنێت، هەروەها بەهۆی "هەژماری من"، كەرتی بانكی لە هەرێمی كوردستان پێش دەكەوێت و گۆڕانكاریی بەسەر دێت، پێشتریش حكوومەت و وەزارەتی دارایی باسیان لە گرنگیی پڕۆژەكە كرد كە خزمەت بە فەرمانبەر دەكات، ئێستە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا كار بە سیستمی ئەلیكترۆنی دەكرێت و هەڵگرتنی پارەی كاغەز نەماوە، كوردستانیش بۆچی پڕۆژەیەكی لەو جۆرەی نەبێت؟، كە بەتەواوی كەرتی بانكی لە كوردستان دەباتە قۆناغێكی نوێ.
لای خۆیەوە محەمەد سەعدەدین ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، كەرتی بانكی لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری و پێشكەوتنی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، هەرێمی كوردستان قۆناغێك دەچێتە پێشەوە و كەرتی بانكی پێش دەكەوێت و لەو رۆتین و شێوازە كۆن رزگارمان دەبێت، فەرمانبەر و مووچەخۆران سوودمەندی سەرەكیی سیستمەكە دەبن و چەندان خزمەتگوزاری و كارئاسانییان بۆ دەستەبەر دەكرێت، ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە گرنگترین پڕۆژەكانی كابینەی نۆ كە بە هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لە نێوان نووسینگەی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی دارایی بەڕێوە دەچێت.
پێشتریش سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی گوت، لە هەرێمی كوردستان شتێك نییە بەناوی تەوتین و ئەوەی هەیە "هەژماری من" بۆ فەرمانبەران دەكرێت و بەردەوامیشە، ئەوەش وەك رەتكردنەوەیەك كە پێشتر باس لەوە دەكرا كە لە سلێمانی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی سنوورەكە دەكرێت.
وشە/ هۆشیار عەلی