جووتیاران باس لەوە دەكەن كە دواكەوتنی باران و كەمبارانیی ئەمساڵ، دووجار زیانی بە گەنم و جۆ و تۆوەكانیان گەیاندووە، باس لەوە دەكەن كە ئەگەر تا ناوەڕاستی ئەم مانگە باران لە چەند ناوچەیەك نەبارێت، مەترسی لەسەر بەرهەمی گەنم و جۆ دەبێت و رەنگە لە چەند ناوچەیەك گەنم تیا بچێت، زیانی زۆریش بە گەنمی چەندین ناوچەیەكی تر بگەیەنێت.
ئەمساڵ لە چەندین ناوچەیەك باران كەم باریووە، هاوكات ئەو سەرمایە كە بەهۆی بێبارانی رووی لە ناوچەكان كردووە، بووەتە زیان بۆ سەر گەنمی جووتیاران و دروستبوونی كرم لە زەوییەكانیان، جووتیارێكی نموونەیی دەڵێت، كەمبارانی لە سنووری گەرمیان و هەولێر و رانیە و قەڵادزێ و زاخۆ، زیانی داوە و مەترسی لەسەر ئەو ناوچانە هەیە.
خەسرەو جاف جووتیاری نموونەیی لە شارەزوور، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ ناوچەكانی شارەزوور و هەڵەبجە و سلێمانی تا رادەیەك باشە و بارانی لێ باریووە و پەڵەشی داوە، بەڵام بەگشتی باران كەم باریووە و گەنم و جۆی جووتیاران پێویستی بەو بڕە زیاترە بۆ ئەوەی گەشە بكات و كاریگەریی خراپی لەسەر دروست نەبێت، لە لایەكی ترەوە، سەرماكە زیانی زۆری لە گەنم و جۆ داوە، ئەو سەرما درێژخایەنەی كە چەندین رۆژە بەردەوامە، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو وێنەی نەبووە و هۆكارەكەشی كەمیی بارانە.
ئەو جووتیارە باسی لەوەش كرد، سەرماكە گەشەی گەنمی وەستاندووە و زیاد ناكات، هەروەها وای كردووە كرم لە زەوی جووتیاران دروست ببێت، كە ئەگەر بارانەكە هەبوایە كرمەكە دروست نەدەبوو، ئەو كرمە لە شارەزوور و هەڵەبجە لە زەوی جووتیاران هەیە و زیانیشی داوە، لە ناوچەكانی تریش كەمبارانی زیانی داوە، وەك رانیە و قەڵادزێ، هەولێر و زاخۆ، ئێستەش جووتیاران چاوەڕێی رەحمی خوان كە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە باران ببارێت و مەترسی لەسەر گەنم و جۆ نەمێنێت.
"بەهۆی ئەو كەمبارانییەوە جووتیار هەیە سێجار تۆوی وەشاندووە، چونكە پێشتر وەشاندوویەتی و سەوز نەبووە یان گەشەی نەكردووە، جووتیار هەیە 15 تۆن تۆوی گەنمی وەشاندووە و ئێستە چاوەڕێی رەحمی خوایە ئەگەر باران نەبارێت تیا دەچێت، لە سنووری شارەزوور و هەڵەبجە ئەگەر تا مانگی دووی ئەمساڵیش گەنم بكرێت گرفتی نییە، چونكە ساڵی 1991 پەڵە لەو سنوورە گەیشتە 5ی كانوونی دووەم، دواتر جووتیاران گەنمیان كرد، بەڵام لە گەرمیان و هەولێر و ناوچەكانی تر، ئێستە لە چلەی زستانن، ئەگەر باران نەبارێت مەترسیی لەسەر گەنمیان دروست دەبێت، لە هەولێر زۆرێك لە جووتیاران فەڕارەیان هەیە و دەتوانن بەو شێوەیە ئاوی گەنمەكانیان بدەن"، خەسرەو جاف جووتیاری نموونەیی وای گوت.
لای خۆیەوە شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری سلێمانی تا ئێستە لە بازیان و ئاغجەلەر و سەنگاو و بانی مەقان و چەند ناوچەیەكی تری سنووری چەمچەماڵ پەڵەی نەداوە، هەروەها لە رانیە و قەڵادزێ لە گەرمیان بەتەواوی باران كەم باریووە، لە سنووری شارەزوور و هەڵەبجە و عەربەت و سەیدسادق و بەرزنجە و پێنجوێن و چوارتا گرفت نیە و باران باریووە، ئەگەر ئەو دوو هەفتەیەی كە ماوە باران نەبارێت، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی پەڵەی نەداوە، ئەوە بەدڵنیاییەوە بەتەواوی مەترسی لەسەر گەنمی ئەو ناوچانە دروست دەبێت.
ئیبراهیم سادق جووتیارێكی ترە و بە "وشە"ی راگەیاند، باران كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گەنم و جۆی جووتیاران لەم دوو هەفتەیەی سەرەتای مانگی كانوونی دووەم هەیە، جووتیاران لەم كاتەدا چاوەڕێی رەحم و بەزەیی خودای گەورەن بۆ ئەوەی باران ببارێنێت و خەڵك و جووتیارانیش لەو دڵەراوكێیە رزگاریان بێت.
دووپاتی كردەوە، مەترسیی هەیە بەهۆی بێبارانییەوە گەنمی جووتیاران لەناو بچێت، لەم كاتەی ئێستەش زیان بە گەنمی جووتیاران كەوتووە بەهۆی ئەو سەرمایەی كە هەیە، سەرماكەش لە ئەنجامی كەمبارانییە.
وشە/ هۆشیار عەلی