هه‌موو مرۆڤێك له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا كه‌سێك هه‌یه جێگه‌ی متمانه بێت بۆی، بۆ ئه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی له‌لا باس بكات. ئه‌م راپۆرته‌ی "وشه" له‌باره‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یه كه له ژیانی تایبه‌تی خۆیاندا نهێنییه‌كانیان بۆ كێ باس ده‌كه‌ن؟. بۆیه چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌ده‌نه‌وه.
خانمه ئه‌كته‌ری بواری شانۆ و سینه‌ما سه‌بری عه‌بدوڵا له‌دایكبووی ساڵی 1997، له ساڵی 2015 چووه‌ته په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ولێر به‌شی شانۆ و لقی ده‌رهێنانی ته‌واو كردووه. ئه‌و له‌باره‌ی كه‌سه باوه‌ڕپێكراوه‌كانی كه به‌بێ دوودڵی نهێنییه‌كانی له‌لایان ده‌دركێنێت، ده‌ڵێت، "به‌دڵنیاییه‌وه خێزانه‌كه‌م و چه‌ند هاوڕێیه‌كی نزیكم، بۆ من جێگه‌ی متمانه‌ن كه بتوانم نهێنییه‌كانی خۆمیان له‌لا بدركێنم، به‌هه‌مانشێوه بۆ هه‌ر كارێكم له ژیان و هه‌نگاونان بۆ به‌ره‌وپێش بێت، ئه‌وا رای خێزانه‌كه‌م و هاوڕێكانم وه‌رده‌گرم و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین تا بگه‌مه باشترین بڕیار .
زه‌ینه‌ب كاوه خه‌ڵكی شاری كه‌ركووكه و ته‌مه‌نی 23 ساڵه و ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانه به‌شی شانۆ و نواندن، ئێسته‌ش خوێندنكاره له كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كان له به‌شی سینه‌ما و شانۆ، ماوه‌ی شه‌ش ساڵیشه به‌رده‌وامه له كاری هونه‌ری، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێ دا، نزیكترین و باشترین كه‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت نهێنییه‌كانی له‌لا باس بكات، ئه‌ویش دایكێتی، به‌ڵام بۆ بڕیار له كارێكی هونه‌ری، ئه‌وا بۆچوونی خێزانه‌كه‌ی به‌گشتی وه‌رده‌گرێت، بڕیار ده‌دات كه ئایا كاره‌كه ئه‌نجام بدات یان نا.
ده‌رباز یونس ئه‌و گه‌نجه به‌توانایه‌یه كه شیعره‌كانی جێگه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌رانن، تا ئێسته زیاتر له 50 شیعری كراونه‌ته گۆرانی له‌لایه‌ن گۆرانیبێژه‌كانه‌وه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی متمانه‌یه لای ئه‌م شاعیره دایكێتی، چونكه دایكی زۆر خۆش ده‌وێت و شتی شاراوه‌ی له‌لای ئه‌و نییه، بۆیه جگه له دایكی كه‌سی تر نییه جێگه‌ی متمانه بێن بۆی. له‌باره‌ی پڕۆژه و كاره هونه‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی باسیان ده‌كات، چونكه زۆر گوێ نادات به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر باسیان بكات، كه‌سێكی تر بیرۆكه‌كانی بۆ خۆی ده‌بات، چونكه ئه‌و ئامانجی ئه‌وه‌یه كارێكی جوان و تایبه‌ت بكرێت، ئه‌وجا خۆی بیكات چ كه‌سێكی تر .
دێرین محه‌مه‌د خه‌ڵكی شاری سلێمانییه و به‌شداریی له چه‌ندان فیلم و دراما و شانۆ كردووه. ئه‌و جیا له هونه‌رمه‌نده‌كانی تر، كه‌سێك هه‌بێت لای ئه‌و جێگه‌ی متمانه بێت، له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی وه‌ك هاوڕێ وایه، بۆیه ده‌ڵێ زۆر خۆشم ده‌وێت و نهێنییه‌كانمی له‌لا باس ده‌كه‌م و متمانه‌م پێیه‌تی. وه‌ك كاری هونه‌ریش ته‌نیا ره‌زامه‌ندی خۆم گرنگه و دوای بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر، بڕیاری كاره‌كه‌م ده‌ده‌م .
جه‌سام بندیان كه هونه‌رمه‌ندێكی ناسراوی شاری هه‌ولێره و برای هونه‌رمه‌ند حازم بندیانه، ئه‌و بۆ كاری هونه‌ری بێ حازمی برای هیچ كارێك ناكات، تا براكه‌ی بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دات. له‌باره‌ی دركاندنی نهێنییه‌كانی، هاوڕێیه‌كی هه‌یه كه وه‌ك حازمی برای وایه بۆی، نهێنییه‌كانی له‌لا باس ده‌كات، ئه‌ویش كاك كارزانه كه هه‌موو ده‌رده‌دڵێكی له‌لای ئه‌و باس ده‌كات .
وشه- ئه‌حمه‌د تاریق