"كابینەی نۆ بەرەوپێشچوونی گەورەی لە كەرتی كارەبا كرد و بەرهەمهێنان زۆر زیادی كردووە"

:: PM:08:31:06/01/2025 ‌

نۆیەم كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە گرنگی زۆری بە كەرتی كارەبا داوە، چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا دامەزراون و چەندین وێستگەی تریش وەك دوكان و دەربەندیخان بەگەڕ خرانەوە، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بوو، گرنگیی زۆریشی بە نۆژەنكردنەوە و بەهێزكردنی بگۆڕ و هێڵەكانی گواستنەوە و دامەزراندنی وێستگەی مۆبایل بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە تەواوی ناوچەكان داوە.  

بەهۆی پێوەندیی راستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گرنگی زۆری بە كەرتی كارەبا داوە، لە ماوەی كاركردنی كابینەی نۆدا چەند وێستگەیەكی كارەبا دروست كراون بەرهەمی كارەبا زیادی كردووە، بەشێوەیەك پێش كابینەكە بەرهەمی كارەبای لە خوار 2700 مێگاوات بوو، ئێستە 3500 مێگاواتە، هەروەها سەعاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بووە، ئەمە جگە لە چارەسەركردنی كێشەی زیادەڕۆیی بەهۆیی دانانی پێوەری زیرەكی ماڵان، كە لەسەر ئەركی حكوومەت بووە و سەتان ملیۆن دۆلاری تێ چووە.

لەوبارەوە جیهاد حەسەن ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێك لەو كەرتانەی لە ماوەی كابینەی نۆدا پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە كارەبایە، لە ماوەی كابینەی نۆدا لە وەرزەكانی هاوین و زستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو پێدانی كارەبای نیشتمانی لە 10 سەعاتدایە، لەكاتێكدا پێشتر لەو دوو وەرزە ئەوەندە كارەبا نەدراوە، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت كە هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی كارەبا كاریان تێدا كراوە و بە رێژەیەكی زۆر باش پێشكەوتووە، هەندێك كات هەیە پێدانی كارەبا لە سەرو 17 سەعاتەوەیە.

چاكسازییەكی تر لە كەرتی كارەبا دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا بوو، لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا ئەو پڕۆژەیە دەستی پێ كرد و لە هەرێمی كوردستان سەرووی یەك ملیۆن و 300 هەزار هاوبەشی ماڵان پێوەرەكەیان بۆ دانراوە كە تێچووەكەی لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم بووە، بەهۆیەوە بە رێژەیەكی بەرچاو بەفیڕۆدان و سەرپێچی و زیادەڕۆیی لە كارەبا كەم كراوەتەوە، جیا لە بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ سەرووی سێ هەزار و 500 مێگاوات، كە پێشتر لە خوارووی دوو هەزار و 700 مێگاوات بووە.

هەروەها بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە ژێرخانی كارەبا، حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێكی داوە و چەندان وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا كراونەتەوە و لە ‌رێی چەند پڕۆژەیەكەوە 615 مێگاوات كارەبا زیادی كردووە و پێشتر وەزارەتی كارەبا بە داتا بڵاوی كردنەوە، لەوانە دروستكردنی وێستگەی هەڵمیی خەبات بە توانای 300 مێگاوات، وێستگەی گەرمیان بە توانای 150 مێگاوات، هەردوو وێستگەی دوكان و دەربەندیخان بە توانای 150 مێگاوات كەوتوونەتەوە كار، چەند وێستگەیەكی تریش كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكەونە كار، لەوانە وێستگەی تاسڵووجە لە سلێمانی بە ‌توانای 51 مێگاوات، سێ وێستگەی 29 مێگاواتی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك، وێستگەی دێرەلووك بە توانای 37 مێگاوات، وێستگەی بازیان بە توانای 500 مێگاوات، كە بەهۆیانەوە 715 مێگاوات كارەبا بۆ تۆڕی گشتی زیاد دەبێت و تێكڕای زیادبوونی مێگاواتی كارەبا كە بەهۆی ئەو وێستگانەوە زیاد دەكات هەزار و 330 مێگاواتە، لەگەڵ وێستگەی خورمەڵە كە بەهۆیەوە 500 مێگاوات كارەبا زیاد دەكات و بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوو بكرێتەوە.

لای خۆیەوە ئەردەلان محەمەد بەڕێوەبەری كارەبای چەمچەماڵ بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو پڕۆژەی وێستگەی مۆبایلی چەمچەمال كرایەوە، كە بەهۆیەوە چارەسەری كێشەی كارەبای سنوورەكە و بارگرانیی سەر هێڵەكانی كارەبا دەكات، ئەوەش كاریگەریی لەسەر كارەبای ناوچەكە هەبووە، هەروەها لەو ماوەیەدا چەندین پڕۆژەی كارەبا كراوە و كارەبای بۆ گوندەكان راكێشراوە و چاكسازیش بەردەوامە.

پێوەست بە كەرتی كارەبا و دەستكەوتەكانی كابینەی نۆ، ناسر ئیسماعیل شارەزای ئابووری، بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، توانراوە تا ئاستێكی زۆرباش پڕۆژە لە بواری كارەبا بۆ هەموو سنوورەكان بكرێت، بەردەوام پڕۆژەی كارەبا لە هەموو سنوورەكان جێبەجێ دەكرێت و ژێرخانی كارەبا زۆر باش بەرز كراوەتەوە و پێدانی كارەبا لەم كابینەیە لەگەڵ كابینەكانی رابردوو زۆر جیاوازە، هەروەها پڕۆژەی كارەبا و وێستگەی زۆر باش كراوە و كەرتی كارەبا بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە. 

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل