سەرچاوەیەكی هەواڵ لە پارێزگای نەجەفی باشووری عێراق، رووداوێكی دەستدرێژیی سێكسیی بۆ سەر ئافرەتێك راگەیاند كە لەلایەن گەنجێكی نەجەفییەوە ئەنجام دراوە. دوای ئەوەیش لە بنكەیەكی پۆلیسی پارێزگاكە، ئەفسەرێك بەهەمانشێوە دەستدرێژیی كردووەتە سەر و ئێستە لێكۆڵینەوەی رژد لە رووداوەكە دەكرێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم حەوتی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوەكە، كچێكی دانیشتووی شاری بەغدا /17 ساڵ/ لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، پێوەندیی لەگەڵ گەنجێكی دانیشتووی شاری نەجەف دروست دەكات، دواتر لە رێگەی گەنجەكەوە دەخەڵەتێنری و بۆ بینینی دەچێتە نەجەف، بەڵام لەوێ گەنجەكە دەستدرێژیی سێكسیی دەكاتە سەر و دواتر بەجێی دێڵێت، كاتێك كێشەكە دەكەوێتە بنكەی پۆلیس، لەوێش لەلایەن ئەفسەری بنكەكە بەهەمانشێوە دەستدرێژیی دەكرێتە سەر و ئێستە كێشەكە كەوتووەتە لای دادوەر و دادگاوە.
سەرچاوەكە زیاتر روونی كردووەتەوە، گەنجە نەجەفییەكە كاتێك كچەكە دەگاتە نەجەف بەناوی ئەوەی سەردانی خێزانی گەنجەكە بكات، كەچی دەیباتە ناو شوقەیەك لە گەڕەكی حەی رەحمە و لەوێ دەستدرێژیی دەكاتە سەر، دواتریش دەباتە گەراج و لەوێ بەجێی دێڵێت، پاشان كچەكە پێوەندیی بە پۆلیسەوە دەكات و دوای ماوەیەك بۆ دادوەری لێكۆڵینەوە دەگوازرێتەوە. لەوێ كچەكە ئەوە ئاشكرا دەكات كە لە بنكەی پۆلیسیش ئەفسەرەكە دووجار دەستدرێژیی كردووەتە سەر.
سەرچاوەكە ئەوەشی گوت كە دادوەر دەستبەجێ كچەكەی بۆ نەخۆشخانەی تایبەت ناردووە تا پشكنینی پێویستی بۆ بكرێت. لەگەڵیدا لیكۆڵینەوەی ورد لەگەڵ ئەو ئەفسەرە بكرێت كە دەستدرێژیی كردووەتە سەری. بۆیە ئێستە بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری كارگێڕی خەریكی لێكۆڵینەوەیە لەگەڵ ئەفسەرەكە و تەواوی ئەوانەی لەو بنكەیە كچەكەیان بینیوە.