بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانیی سۆران بڕیاری دا بە دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور. بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت: داشكاندن لە نرخەكان بەبێ رەزامەندیی چاودێریی بازرگانی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانیی سۆران بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامییەتی ناوەندی سۆران، لەگەڵ نوێنەری گۆشتفرۆشەكان كۆ بوونەتەوە و لەبارەی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور بڕیاریان داوە.
چاودێری بازرگانیی سۆران ئاشكراشی كردووە، نرخی یەك كیلۆ گۆشتی گیسك و بەرخ كراوە بە 16 هەزار دینار، گۆشتی نەرمەی گوێرەكە بە 14 هەزار، گۆشتی گوێرەكە بە ئێسكەوە بە 12 هەزار دینار دیاری كراوە.
بەپێی بڕیارەكەی قایمقامییەت دووپاتیش لەوە كراوەتەوە، نابێت هیچ گۆشتفرۆشێك گۆشت لە ناو قاپ دابنێت، داشكاندنیش لە نرخەكان بەبێ رەزامەندیی چاودێریی بازرگانی بە هەموو شێوەیەك قەدەغە كراوە.
روونیش كراوەتەوە، بە هیچ شێوەیەك رێگە بە قیمەی ئامادەكراو نادرێت و هەر گۆشتفرۆشێك سەرپێچی بكات، رێكاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.