هەندێك لە راپۆرتەكانی هەواڵ باسی ئەوەیان كرد كە ئەمەریكا بە كوشتنی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنانی رازی نەبووە و ئیسرائیل دوای كوشتنی بە واشنتنی راگەیاندووە، كەچی هەر راپۆرتەكان دووپاتیان كردەوە كە تەواوی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە لایەن ئەمەریكاوە ئیدارە دەدرێت، ئێستەش دوای لاوازبوونی حزبوڵا و هەژموونی ئێران لە لبنان، ئەمەریكا بەنیازە دەوڵەتی لبنان رێك بخاتەوە.
سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن ئامۆس هۆكستین نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا كە لە دوێنێوە هاتووەتە ناوچەكە، گوشارێكی گەورە لە هێز و فراكسیۆنەكانی لبنانی، لەوانەش حزبوڵا و ئەمەلی شیعە دەكات بۆ هەڵبژاردنی جۆزێف عۆن بە سەرۆكی لبنان، كە ئێستە فەرماندەی سوپای وڵاتەكەیە، ئەوەش لەو دانیشتنەی پەرلەمانی لبنان كە 9ی ئەم مانگە دێتە سازكردن.
لە چوارچێوەی گوشارەكانی ئەمەریكا، بەردەوامیی ئاگربەست لە باشووری لبنان و كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەكانی ئەو ئەو وڵاتە و یارمەتیدان و بەشداریكردنی لە ئاوەدانكردنەوەی لبنان و چەكداریكردنی سوپای لبنانی بە هەڵبژاردنی عۆن بەستووەتەوە، ئەوەش گوشارێكی گەورەیە بۆ لبنانییەكان، بەتایبەتی حزبوڵا و بزاوی ئەمەل.
عەبدولنەبی بەكار شرۆڤەكاری سیاسی وای دەبینێت كە سووربوونی ئەمەریكا لەسەر هەڵبژاردنی عۆن بۆ سەرۆكایەتی، بەرجەستەی خواستی دەكات بۆ دروستكردنی بازدانێك لەو وڵاتە لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە جیۆسیاسییەكان لە ناوچەكە، هەردوو دۆسیەی تەناهی و سەربازی و ئاوەدانكردنەوە، دەبنە كاری سەرەكیی سەرۆكی نوێی لبنان و ئەمەریكاش دەتوانێت راستەوخۆ و ناراستەوخۆ یارمەتی بدات.
لای خۆیەوە د. مەی عەبدورەحمان شارەزا لە كاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت، گوشارەكانی ئەمەریكا رەنگدانەوەی خواستێكی نێودەوڵەتییە بۆ گەڕاندنەوەی لبنان بۆ سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی لە دوای ساڵانێك لە دابڕانی سیاسی بەهۆی باڵادەستیی حزبوڵا بەسەر بڕیاری سیاسی لەو وڵاتە، بۆیە گەیاندنی فەرماندەی سوپا بۆ سەرۆكایەتی، هەنگاوێكە بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتێكی بەهێز بتوانێت یارمەتیی نێودەوڵەتی رابكێشێت و لبنان لە تەنگژە ئابووری و سیاسییەكانی رزگار بكات.
دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا وای دەبینێت هەڵبژاردنی سەرۆكێكی بەهێزی وەك عۆن، هەنگاوێكی بنەڕەتییە بۆ مسۆگەریی سەقامگیریی لبنان و گەڕاندنەوەی متمانەی وڵاتانی پارەبەخش و رووبەڕووبوونەوەی پەرتەوازەیی سیاسی كە دۆسییە گرنگەكانی لەو وڵاتە پەك خستووە، وەك دەرهێنانی نەوت و غاز، بۆیە سەپاندنی عۆن وەك سەرۆك كۆماری لبنان، شكاندنی دەسەڵات و هێزی حزبوڵایە، كە بەربەستی سەرەكییە لەبەردەم سەقامگیریی لبنان.