زیانەكانی كەڕووی رەش چییە؟

:: PM:08:24:07/01/2025 ‌

رەنگە لە چەند شوێنێك وەك چینێكی رەش یان سەوزێكی كاڵ بیبینیت، لەسەر دیوار یان میوەی گەنیو یان لەسەر سەرین و پەڕۆی شێدار، كەڕووی رەش لە شوێنە داخراو و شێدارەكاندا دەژیت و گەشە دەكات و زۆر دەبێت، چەند زیانێكی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە.

ئەناستاسیا زورینا مامۆستای بەشی كیمیا و تەكنۆلۆجیای زیندەیی لە زانكۆی بیرم بۆ زانستە تەكنیكییەكان دەڵێت، كەڕووی رەش بە هاوشێوەی جۆرەكانی تری كەڕوو لە رێگەی سپۆڕەكانەوە بڵاو دەبێتەوە، بەڵام تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە، لەوانە خێرا زۆربوون و گەشەكردن لەسەر چەند جۆرە رووێك و توانای بۆ بەرگەگرتنی ژینگەی زۆر ترش و دەردانی مادەی ژەهراوی.

روونی كردەوە، سپۆڕەكانی كەڕووی رەش دەتوانن بەئاسانی بچنە ناو ماڵەكان، ئەوان بۆ گەشەكردن و زۆربوون پشت بە ژینگەی داخراو دەبەستن، بۆیە ئەگەر ژینگەكی گونجاویان بۆ هەڵكەوت، واتە شێدار و هەوای داخراو، زۆر دەبن و دەزووەكانی روودەچنە ناو رووە جیاوازەكان.

دووپاتی كردەوە كە ئەو جۆرە كەڕووە بەهۆی ژەهرەكانی دەری دەدات زۆر مەترسیدارە، كاتێك دەچێتە ناو سییەكان كۆكە و هەستیاری و پژمین و هەوكردنی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە دروست دەكات و رەنگە ببێتە هۆی ژەهراویبوون، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی رەبو یان هەناسەتنگی و هەستیارییان هەیە، دۆخی تەندروستیان تا ئاستێكی مەترسیدار تێك دەچێت.  

بۆ خۆپاراستن لە زیانەكانی ئەو جۆرە كەڕووە، زورینا رێنوێنی دەدات بە بەكارهێنانی مادە پاككەرەوەكان و كەمكردنەوەی شێداری و زیادكردنی هەواگۆڕكێی ناو ماڵ و خۆرزگاركردن لە كەلوپەلە كۆن و تێكچووەكان و پشنینی بەردەوامی سیستمی هەواگۆڕكێ و زێرابی ماڵەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل