چالاكێكی سلێمانی رای گەیاند، بەهۆی ئەو هەموو كارەساتەی بەسەر سلێمانی دێت، چالاكان بێدەنگن، بۆیە گومان دەكرێت دۆسیەیان كەوتبێتە دەست بەرپرسان.
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی كانوونی دەووەم، باخان ئازادی چالاك، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەداخەوە هەر رۆژێك كارەساتێك تووشی خەڵكی سلێمانی دەكرێت، هەر رۆژێك بە بەرهەمێكی سەوزە و میوە بە رێژەیەكی نیتراتی بەرز، خەڵك تووشی شێرپەنجە دەكەن.
زیاتر گوتی، ئەو مەرزانە پێوەندییان بە سنووری یەكێتی هەیە و بوونەتە مۆڵگەی قاچاخچێتی، ئەوەشی لە پێشوو قسەیان لەسەر دەكرد كە كاری قاچاخچێتی نەهێڵن، بەڵام پێچەوانەكەی راستە، چونكە هەر كەسێك دێت و بە ئارەزووی خۆی شتی بێ كوالێتی دەهێنێت.
روونی كردەوە، ئەوانە نانیان لە ئاوی لێڵە، چونكە هەر كەسێك تووشی شێرپەنجە دەبێت، پێویستی بە چارەسەرە، ئەوەش لە بەرژەوەندیی نەخۆشخانەكانی خۆیانە.
باخان دەڵێت، بەداخەوە ئەوەی پێشوو ئەو كەمپیچییانەی خۆیان وەك چالاك ناساندبوو، ئێستە پێیان دەڵێم پووفەوانن، چونكە دەسەڵات دەیانسوڕێنێت.
دەشڵێت، ئەگەر چالاكیی ئەوان ئەوە بێت تەنیا خوێندن بە قوتابخانەكان رابگرن، چونكە كوڕی دەوڵەمەند و دەسەڵاتداران لە قوتابخانەی ئەهلین و هیچ كاریگەریی لەسەر ئەوان نییە، تەنیا منداڵی هەژار لە قوتابخانەی حكوومی دەخوێنن و زیانیان پێ دەگات.
لە كۆتایی قسەكانی رای گەیاند، ئەو كارەساتە لە هەولێر بوایە، یەكی دەهۆڵێكیان لە مل دەكرد و دەیانگوت ئەوە پارتییە وا دەكات، بۆیە من گومانم هەیە لەو چالاكانە كە رەنگە دۆسیەی سێكسییان كەوتبێتە دەست دەسەڵاتی ئەو سنوورە، بۆیە چییان پێ بگوترێت دەیكەن و ناتوانن لە قسەیان دەربچن.