هەواڵی خۆش بۆ خانەنشینان.. بۆ مووچەكانتان نۆرەگرتن نامێنێت

:: AM:09:14:08/01/2025 ‌
بەهۆی هەوڵەكانی تیمی هەژماری من، ئێستە دەیانەوێت چیتر خانەنشینان نۆرە نەگرن و لە هەژماری من تۆماركردنیان فراوان بووە، بەمنزیكانەش دەگەن بەڕێژەی كۆتایی.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی كانوونی دووەم، تیمی هەژماری من تایبەت بە "وشە"ـی راگەیاند، لە تیمەكانمان بۆ ئەوەی نۆرە و جەنجاڵی لە بانكەكان نەمێنێت بە تایبەت بۆ خانەنشینان، لە هەوڵی بەردەوامن بۆ دروستكردنی هەژماری من.

زیاتری گوتی، ئێستە توانراوە لە كۆی 425 هەزار لە خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان، هەژماری من بۆ 160 هەزار كەس دروست بكەین كە دەكاتە 38%ـی ئەو مووچەخۆرانە.

روونی كردەوە، دەیانەوێت خانەنشینان لەو جەنجاڵییە و قەرەباڵغیی بەردەم بانكەكان رزگار بكەن، بۆیە هەوڵێكی زۆریان بۆ ئەو مەبەستە خستووەتە گەڕ.

باسی لەوەش كرد، ئێستە هەژماری من لەو 160 هەزار لەو دوو چینە تۆمار كراوە، 68%ـی خانەنشینانی هەولێرە، 53%ـی خانەنشینان و شەهیدان لە سلێمانیش 7%ـی بۆیان كراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە بۆ مووچەی مانگی 11، زیاتر لە 219 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچەكانیان وەرگرت، لە 37 هەزار و 500 پێشمەرگە و 181 هەزار و 830 فەرمانبەری مەدەنی پێكهاتوون، دەتوانن لە ڕێگەی زیاتر لە 500 ئامێری ATM لە 200 شوێنی جیاواز مووچەكانیان وەربگرن.

لەگەڵ ئەم پێشكەوتنە بەردەوامەی پڕۆژەی هەژماری من لە بەدیجیتاڵكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، تا ئێستە زیاد لە 500 ئامێری ڕاكێشانی پارە بەردەست خراون لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بۆ ئاسانكاریی زیاتری مووچەخۆران.

 ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە لە سەرجەم شارەكان و سەر شەقام و مۆڵ و لقی بانكەكان، بەردەستن و فەرمانبەران دەتوانن مووچەكانیان وەربگرن.


وشە - رامیار جەواد