"كاركردن لە پڕۆژەكەی گۆیژە بەردەوامە و هیچ حیسابێك بۆ خەڵكی سلێمانی نەكراوە"

:: PM:08:51:08/01/2025 ‌

ئەو كۆمپانیایەی كە شاخی گۆیژەی هەڵدڕی و كردی بە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، لە كارەكانی بەردەوامە و هیچ حیسابێك بۆ رای خەڵكی شارەكە ناكات، كە دژی داگیركاریی موڵكی گشتی و تێكدانی جوانییەكانی سلێمانی بوون، ئێستە داگیركارییەكی زۆر لە زەوی و موڵكی گشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە، ئەوەش وای كردووە زیانی زۆر بە شارەكە بگەیەنرێت.

كۆمپانیا نزیكەكە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەستی كردووە بە تێكدانی شاخی گۆیژە و لە شوێنەكە پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەكات، لەوكاتەی شاخی گۆیژە بۆ سلێمانییەكان و خەڵكانی تریش هێمایەكی تایبەتی هەیە، بەو جۆرەی ئێستە كە دەڕووخێنرێت و پڕۆژەی لەسەر دەكرێت، لە موڵكی گشتییەوە دەبێتە موڵكی تایبەت و سبەی كەس ناتوانێ بچێتە ئەو شوێنە.

لەوبارەوە ئومێد محەمەد ئەندامی كەمپینی "گۆیژە بپارێزە"، بە "وشە"ی راگەیاند، كەمپینەكەمان لە هەوڵەكانی نەوەستاوە، سەردانی چەندین لایەنمان لەبارەی تێكدانی گۆیژە و هەڵدڕین و كردنی بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون كردووە، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتوون بە ئەنجام و كۆمپانیاكەش لە كاركردن لە پڕۆژەكە و هەڵدڕینی گۆیژە بەردەوامە و پڕۆژەكە ئیشی تێدا دەكرێت، بە هەوڵی كەمپینەكەمان داواكاریی گشتیی سلێمانی هاتووەتە سەر خەت، بە نووسراو داوای لە وەزارەتی دارایی هەرێم كردووە ئاخۆ ئەو زەوییانە هی وەزارەتی دارایین یان نا؟، بەڵام وەزارەتی دارایی چەندین مانگە وەڵامی ئەو نووسراوەی داواكاریی گشتی نەداوەتەوە، كە ئاخۆ زەوییەكان هی وەزارەتن یان نا، هەرچەندە چەند ئەندامێكی كەمپینەكە چوونە لای وەزیری دارایی و بە دەم پێیانی گوتبوو كە زەوییەكان هی وەزارەتی دارایین.

روونی كردەوە، پێمان باشە ئەو زەوییە لە بری ئەوەی بكرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بۆ كەسانی تایبەت بێت، با بكرێتە پڕۆژەی گەشتیاری، ئێمە لە هەوڵدان ناوەستین، كێشەكە ئەوەیە رێگە بە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی نادەن، دەسەڵاتی سنوورەكە رێگە بەوە نادەن، چونكە بەرژەوەندیی خۆیانی تێدایە، هەر ئەوەش نییە، كۆمپانیاكە 2261 دۆنم زەوی وەرگرتووە، لە تونێلەكەوە بۆ پشتەوە كە ئەزمەڕ و گۆیژە دەگرێتەوە، ئەوەش دەكەن دیار نییە، بۆیە ئەگەر ئەم پڕۆژەی ئێستە سەر بگرێت، شار بەتەواوی داگیر دەكرێت و گۆیژە و ئەزمەڕ نامێنن، ئەوەی دەكرێت نایاساییە، بەڵام كۆمپانیاكە بێ گوێدانە هیچ شتێك كاری خۆی دەكات و پڕۆژەكە دروست دەكات.

لای خۆیەوە كەریم عەلی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی گوت، داگیركردنی زەوی لە سلێمانی بەردەوام هەبووە، لە چەندین شوێن داگیر كراوە و فرۆشراوە، چەند ساڵێك پێش ئێستە بە پشتبەستن بە یاسای وەبەرهێنان و بە ناوی یاسا، سنەوبەرەكانی رێگەی تاسڵوجە ئاگریان تێبەردرا، زەوییەكانیان داگیر كرا و دواتر پارچە پارچە كران و فرۆشران، كران بە پێشانگەی ئۆتۆمبێل و بە ملیۆنان دۆلار فرۆشران.

زیاتر گوتی، لە سلێمانی گۆیژە و سنەوبەرەكان بەو دەردە دەبرێن، لە گەرمیان رووباری سیروان بە كۆمپانیا دەدرێت، بەشێكی بە ناوی یاسای وەبەرهێنان و بەشێكی تری بە ناوی یانەی وەرزشی چەندین زەوی داگیر كراوە.

پێشتریش رێباز لوقمان شارەزای جوگرافی لەبارەی ئەو پڕۆژەوە بە "وشە"ی گوتبوو، دارستان و ناوچە سەوزاییەكان وەك سییەكانی شاری سلێمانی وان، ئەگەر سەرنجێكی ئەو شارە بدەین، ئەو پلانەی كە دانراوە بۆ ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوون لە شاخەكان بنیات بنرێن، لە پلانداناندا هەڵەیە، كۆمەڵێك كێشەی سروشتی و ژینگەیی دروست دەكات، ئەو سەوزاییانەی لە گۆیژە و ئەزمەڕ هەن، وەك سییەكان وان بۆ خاوێنكردنەوەی هەوای سلێمانی، كە بە هاوین بەردەوام تەمێك ئاسمانی شارەكەی داگرتووە، بۆیە پێویستە ئەو شاخانە پارێزراو بن و بكرێنە ناوچەیەكی سەوزایی.

پێویستە بگوترێت، تێكدانی شاخی گۆیژە و كردنی بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە لایەن كۆمپانیایەكەوە، ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لای خەڵك دروست كردووە، كەمپینی تێكدانی گۆیژەش باس لەوە دەكات، لە رابردوو لە سلێمانی زۆر شت كراوە و بۆیان چووەتە سەر، بۆیە ئێستە ئەوەی روودەدات لە گۆیژە درێژەپێدەری ئەوەیە لە رابردوو كراوە و شتی تریشیان بەدەستەوەیە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل