ژنێك دوای نۆ ساڵ لە ژێر ڕێنوێنی نەخۆشخانەیەكی حكوومەت منداڵی بوو

:: AM:09:14:09/01/2025 ‌
لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە ئاواتی ژن و پیاوێك دوای نۆ ساڵ هاتەدی، ئەویش ژنێكی دانیشتووی قەزای تەقتەق، بووە خاوەنی منداڵێك و تەندروستیی هەردووكیان جێگیرە.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی كانوونی دووەم، هاوكار عەلی بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی كۆیە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە رێگەی نەشتەرگەرییەكی منداڵبوون بۆ ژنێكی دانیشتووی قەزای تەقتەق، توانراوە دوای نۆ ساڵ لە چاوەڕوانی، كۆرپەیەكی ببێت و ئێستە هەم دایكەكە و هەمیش كۆرپەكە سەلامەتن.

دەشڵێت، ئەو ژنە لە ماوەی رابردوو سەردانی نەخۆشخانەی گشتیی تەقتەقی كردووە و لە ژێر رێنوێنی و چاودێری پزیشكی پسپۆری ئافرەتان، دوای نۆ ساڵ لە چاوەڕوانی خوای گەورە كۆرپەیەكی پێ بەخشین.

ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە حكوومەت چەندان سەنتەری چارەسەری بەخۆڕایی یان بە پارەیەكی كەم كردووەتەوە بۆ ئەو خێزانانەی منداڵیان نابێت.



وشە - رامیار جەواد