هۆكارەكان زۆرن كە وا دەكەن مرۆڤ ویست و ئارەزووی بۆ كردەی سێكس نەچێت یان ئارەزووی بۆ ئەو كردەیە كەمترە ببێتەوە، نموونە بۆ ئەوە دەهێنرێتەوە جۆری پێوەندیی هاوسەران كە رەنگە پێوەند بە منداڵەوە هەبێت، یان هەستكردن بە ماندوویی یاخۆ ئەو كێشانەی پێوەندییان بە جۆری پێوەندییەكەوە هەبێت. بەڵام پسپۆرێكی شارەزا لە بواری خەوتن، هۆكاری سەرەكی بۆ جۆری خەوتنی تەندروست دەگەڕێنێتەوە كە كاریگەریی زۆری بۆ كردەی سێكس هەیە.
پێگەی "شەفەق نیوز" راپۆرتێكی تایبەتی لە پێگەی "سی ئێن ئێن" لەو بوارە بڵاو كردووەتەوە و "وشە" ئاماژە بە خاڵە گرنگەكانی دەكات. بۆ ئەوەیش ڤیلیس زی كە سەرۆكی بەشی پزیشكی خەوە لە كۆلیژی فاینبرگ بۆ پزیشكی لە زانكۆی نۆرس وسترن، هەروەها بەڕێوەبەری سەنتەری كاتژمێری بایۆلۆجییە لە شاری شیكاگۆیە، لەڕووی زانستییەوە باس لە كاریگەریی كردەی سێكس و پێوەندیی بە خەوتنەوە دەكات و بە هۆكاری سەرەكیی دەزانێت.
ئەو پزیشكە دەڵێت، زۆر گرنگە هاوبەشەكان كە مەبەستی هاوسەران و خۆشەویستانە، هەمیشە پێداچوونەوە بە جۆری خەوتنەكانیان بكەن كە هۆكاری سەرەكییە لە كردەی سێكس. نابێ بڵێت هاوسەرەكەی بایەخ بە كردەی سێكس نادات، یان خۆم زۆر ماندووم بۆیە ئارەزووم بۆ سێكس ناچێت، یان چوومەتە ناو تەمەنەوە و ئەو ویستەم لەلا نەماوە یان كەمی كردووەتەوە، بۆ هەموو ئەوانە چارەسەرەكان زۆرن.
پزیشكەكە دەڵێ سەیری خۆت بكە و بگەڕێوە بۆ جۆری خەوتنت، بیر لەو خووانە بكەرەوە كە هاوسەرەكەت خووی پێیانەوە گرتووە، بەتایبەتی لەڕووی خەو و كاتەكانی خەوتن. چونكە خراپیی خەوتن، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ئاستی ئەو هۆرمۆنانەیە كە پێوەستن بە سێكس، ئەویش وەك هۆرمۆنی تستۆستیرۆن. ئەگەر ئافرەتان پێیان وایە ئەوەیان تەنیا پێوەندیی بە پیاوەوە هەیە، دەبێ پێداچوونەوە بە بیركردنەوەكەیان بكەن و بۆیان دەردەكەوێت هەردوو رەگەز دەگرێتەوە.
ڤیلیس زی دووپاتی كردووەتەوە كە ڤاكتەری سێكسی لەلای پیاو و ژنان، پێوەندیی بە ئاستی هۆرمۆنی تستۆستیرۆنەوە هەیە، هەر ئەوەشە وا دەكات ئارەزووی مرۆڤ بۆ سێكس بچێت. بەتایبەتی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن لە سەعات سێ تا چواری بەرەبەیانیی لەلای مرۆڤ بەرز دەبێتەوە، بۆ بەیانیی دەگاتە بەرزترین ئاست. بۆ ئەوەیش چەندان توێژینەوە دەریانخستووە، كاتێك كێشەت لە جۆری خەوتن هەبێت، ئاستی تستۆستیرۆن دادەبەزێت و كەسەكە ئارەزووی بۆ سێكس نامێنێ یان كەمتر دەبێـتەوە.
بەپێی توێژینەوەیەك كە كۆمەڵەیەكی تایبەت بە تەندروستی لە ساڵی 2017دا ئەنجامی داوە، دەركەوتووە ئەو ژنانەی تەمەنیا 50 ساڵی تێپەڕ كردووە و سەعاتەكانی خەوتنیان لە حەوت تا هەشت سەعات كەمترە، ئەوكات ئارەزوویان بۆ كردەی سێكس كەمتر دەبێتەوە بەراورد بۆ ژنانەی گەنجترن و بایەخ بە خەو دەدەن، بۆیە تێپەڕینی تەمەن و كەمخەوی، كاریگەریی زۆری هەیە لە لاوازبوونی ئارەزووی كردەی سێكس.
لە هەمان توێژینەوەدا هاتووە كە ئەو ژنانەی تەمەنیان 70 ساڵی تێپەڕ كردووە و كاتی خەوتنیان لە شەودا كەمتر لە پێنج سەعاتە، بە رێژەی 30%ی ئارەزووی سێكسیان نامێنێت، ئەویش بەراورد بەوانەی هەشت سەعات دەخەون، بێگومان ئارەزووی ئەوان بۆ سێكس بەرزتر دەبێتـەوە.
هاوكات باس لە توێژینەوەیەكی تریش دەكرێ كە لە ساڵی 2021دا ئەنجام دراوە، لەوێ دەركەوتووە ئەو پیاوانەی خەوتنیان تەندروست نییە و كەمتر دەخەون، ئاستی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن لەلای ئەوان زۆر كەمترە لەوانەی زیاتر دەخەون، بۆیە لە رووی كردەی سێكسەوە لاوازترن. توێژینەوەیەكی تریش بەهەمانشێوە رۆشنایی دەخاتە سەر ئەو پیاوانەی كێشەیان لە خەوتن هەیە كە بەهۆیەوە هۆرمۆنی تستۆستیرۆن لە جەستەیان كەمتر بووە، هاوكات مادەی كۆرتیزۆڵ لەلایەن بەرزتر بووەتەوە كە ئەو مادەیە پێوەندیی بە دڵەڕاوكێ هەیە، هەموو ئەوانە پێوەستن بە لاوازبوونی كردەی سێكس.
پزیشكە پسپۆرەكەی بوار خەوتن ئاماژەی داوە، ئەگەر خەوتن بكرێتە ئەولەویەتی ژیان، ئەوكات ژیانی سێكسی زۆر گەشە دەكات و زۆریش باشتر دەبێت. لە توێژینەوەیەكی تریش كە لە ساڵی 2015دا لەناو قوتابیانی زانكۆكان ئەنجام دراوە، باس لەوە دەكات لەناو ئەو توێژە ئەگەر شەوانە یەك سەعاتیش زیاتر لە شەوانی پێشتر بخەون، ئەو رۆژە زیاتر هەست بەوە دەكەن ئارەزووی سێكسیان بەرزتر بووەتەوە.
بۆیە دواتریش ئەو پزیشكە دووپات دەكاتەوە، بۆ ئەوەی ئاستی ئارەزووی كردەی سێكستان بەرزتر ببێتەوە، بایەخ بە خەوتنی تەندروست بدەن كە هۆكاری سەرەكیی كردەی سێكسە، ئەوە جیا لە خۆراكی تەندروست و وەرزش و هەموو هۆكارەكانی تر كە پێوەندییان بە ئارەزووی سێكسەوە هەیە.