داڕمانی خێرای ڕژێمی ئه‌سه‌د له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ته‌حریر شام، كورده‌كانی سووریای سه‌ربه هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و قه‌واره خۆسه‌ره‌كه‌یان له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، خستووه‌ته دۆخێكی ناجێگیره‌وه. توركیا و له ڕێگه‌ی سوپای نیشتمانی ئازاده‌وه، دۆخه‌كه‌یان قۆسته‌وه و پێشڕه‌وییان بۆ سه‌ر شارۆچكه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورد كردووه. هه‌رچه‌نده ئیداره‌ی بایدن كه پاڵپشتی له هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ده‌كات، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه پلانی هه‌یه سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكی له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بمێننه‌وه بۆ پاراستنی شه‌ڕی دژی ڕێكخراوی به‌ناو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش)، به‌ڵام كورده‌كانیشی ناچار كردووه ده‌ستبه‌رداری ده‌سته‌ڵاته‌كانیان بن له‌لای ڕۆژئاوای ڕووباری فورات، به‌تایبه‌تی شارۆچكه‌ی مه‌نبه‌ج كه توركیا له مێژه هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ده‌دات.
بۆ ئێسته هێشتا هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پشتگیری ده‌كرێن له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات، به‌ڵام هه‌موو گره‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه وه‌ستاون كاتێك دۆناڵد تره‌مپ سوێندی یاسایی ده‌خوات وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا. ڕه‌نگه تره‌مپ بڕیاری ده‌ركردنی هه‌موو هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا بدات، هه‌روه‌ك چۆن له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تیدا ویستی بیكات. ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا، نه‌یاری دێرینی پشتیوانی ئه‌مه‌ریكایه بۆ ئه‌م كوردانه‌ی سووریا، كه به "تیرۆریست” ناویان ده‌بات و به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌تر بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیای ده‌زانێ له چاو داعش. ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی تره‌مپ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكشێنێته‌وه، ئه‌وا ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌یه توركیا و هاوپه‌یمانه سوورییه‌كانی، هه‌وڵی له‌ناوبردنی ئه‌و قه‌واره خۆسه‌ره به سه‌رۆكایه‌تیی كورد بهێنن.
كورده‌كان له ژێر فشاری سه‌ربازی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانیان له سوپای نیشتمانی سووری
به‌و پێیه‌ی كه چاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ته‌حریر شام بوو، له ماوه‌ی ڕابردوودا وه‌ك چۆن به یه‌ك له دوای یه‌كدا به خێرایی حه‌له‌ب و حه‌ما و حمس و دواجار دیمه‌شقیان گرته ده‌ست، كه‌متر گرنگی به پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی سه‌ر توركیا ده‌درێت كه دژی ناوچه‌كانی ژێڕ ده‌سه‌ڵاتی كوردن. شارۆچكه‌ی ته‌ل ڕه‌فعه‌ت به خێرایی كه‌وته ده‌ست بریكاره‌كانی توركیا و فشاره‌كان له‌سه‌ر مه‌نبه‌ج و كۆبانی به‌رده‌وامن. هێزی سووریای دیموكرات بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه كه ئه‌م هه‌نگاوه سه‌ربازییه هێرشبه‌رانه‌ی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی، ناچاری كردوون ژماره‌ی كارمه‌نده‌كانی پاسه‌وانی ئه‌و زیندانانه كه‌م بكاته‌وه كه چه‌كدارانی داعشی تێدا ڕاگیراون، به مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی هه‌ڤاڵه‌كانیان كه شه‌ڕی ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ربه توركیان ده‌كه‌ن. كه‌متر گرنگی درا به پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی سه‌ربه توركیا، له دژی شارۆچكه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورد له باكوری سووریا .
ئه‌ردۆغان له مێژه پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه شه‌ڕڤانانی كورد له هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، زۆربه‌یان سه‌ر به یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌لن (یه‌په‌گه)ن، درێژكراوه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستانن كه له مێژه توركیا وه‌ك گرووپێكی تیرۆریستی ده‌ستنیشانی كردوون. به‌م پێیه ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و ئیداره‌ی خۆسه‌ری باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، به توندی لاواز بكرێن یان به شێوه‌یه‌كی ئایدیاڵ له‌ناو ببرێن. ئه‌م ئیداره كوردییه ناوه‌كه‌ی "ڕۆژاڤا"یه، به واتای "ڕۆژئاوا” له زاراوه‌ی كوردی سووریدا، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كوردانه به به‌شی ڕۆژئاوای كوردستانی گه‌وره‌ی ده‌زانن. ئه‌و ناوه نوێیه بۆ ئه‌وه وه‌رگیرا كه كه‌متر ناوه‌ڕۆكی تایبه‌تی كوردییانه‌ی پێوه‌یه و مۆركێكی كه‌متر كوردی به قه‌واره‌كه بدرێت، زیاتر وه‌ك ناوێكی گشتگیر بێت كه گرووپه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه جیاوازه‌كانی ناوچه‌كه له‌خۆ بگرێت، له‌ناویاندا دانیشتووانی به‌رچاوی عه‌ره‌بی مسوڵمانی سوننه و گرووپه جیاوازه‌كانی مه‌سیحی. هه‌رچه‌نده عه‌ره‌به نه‌ته‌وه‌ییه‌كان زۆرینه‌ی چه‌كدارانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات پێكده‌هێنن، به‌ڵام ئه‌فسه‌رانی ئه‌و هێزه زۆرینه‌یان كوردن.
هه‌رچه‌نده ئه‌ردۆغان له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا فه‌رمانی سه‌تان هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر پێگه‌كانی هێزی سووریای دیموكرات ده‌ركردووه، هه‌روه‌ها له ساڵی ٢٠١٩ه‌وه ڕێڕه‌وێكی سنووری له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا كۆنترۆڵ كردووه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه كۆتایی به پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بهێنێت. سه‌رۆك بایدن و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا كه پێوه‌ندییه‌كی ساردیان له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هه‌یه، پێیان وایه هێزه‌كانی سووریای دیموكرات باشترین شه‌ڕڤان بوون له سووریا دژی داعش، لێهاتوویی شه‌ڕكردن و قوربانیدانه‌كانیان به‌رز ده‌نرخێنن، (هه‌سه‌ده ده‌ڵێ زیاتر له 11 هه‌زار قوربانی داوه) له هه‌ڵمه‌تی دژه داعش.
هه‌روه‌ها هێزه‌كانی سووریای دیموكرات وه‌ك به‌رپرسی چه‌ندان كه‌مپی گه‌وره‌ی زیندان ماونه‌ته‌وه كه هه‌زاران چه‌كداری فره‌نه‌ته‌وه‌یی داعش و ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان له‌خۆ گرتووه. له كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا فشاری خستووه‌ته سه‌ر حكوومه‌ته جیاوازه‌كان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی هاووڵاتییانی خۆیان، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان تا ئێسته سه‌ركه‌توو نه‌بوون. به‌درێژایی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی بایدن، هیچ ئاماژه‌یه‌كی نه‌دا كه ئاره‌زووی كشانه‌وه‌ی هێزه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكای له‌م ناوچه‌یه هه‌بێت، كه له‌م ڕۆڵانه‌دا پشتیوانی لۆجستی و سه‌ربازیی گرنگیان به هێزه‌كانی هه‌سه‌ده داوه، ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندبوونی خۆی دووپات كردووه‌ته‌وه كه هێزه‌كانی له‌وێ دوای ڕژێمی ئه‌سه‌د بمێنێته‌وه. بوونی ئه‌مه‌ریكا له چه‌ند مانگی ڕابردوودا گرنگتر بووه، چونكه وه‌ك فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا به‌دواداچوونی بۆ كراوه، له ساڵی ٢٠٢٤دا هێرشه‌كانی داعش له شانه جیاوازه‌كانی داعشه‌وه زیادی كردووه كه له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ماونه‌ته‌وه.
هه‌ندێك فشار له ئه‌مه‌ریكاوه
هه‌رچه‌نده هاوسۆزی بۆ كورده‌كانی سووریا ڕه‌نگه هۆكارێك بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی سیاسه‌تی ئیداره‌ی بایدن له سووریا ده‌باته پێشه‌وه، خواستێكه بۆ ڕێگریكردن له بۆشایی ده‌سه‌ڵات كه داعش ده‌توانێت بیقۆزێته‌وه بۆ دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی خۆی. ڕاستییه‌كه‌ی له هه‌شتی كانوونی دووه‌م، ته‌نیا چه‌ند سه‌عاتێك دوای ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د، بایدن فه‌رمانی هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر ٧٥ ئامانجی داعش به به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بۆمبڕێژكراوی بی ٥٢ و فڕۆكه‌ی جه‌نگی ئێف ١٥ و فڕۆكه‌ی ئه‌ی ١٠ ده‌ركرد. جه‌نه‌راڵ ئێریك كۆریلا فه‌رمانده‌ی سێنتكۆم هۆشداریی دا: "نابێت هیچ گومانێك هه‌بێت، ئێمه ڕێگه ناده‌ین داعش دروست ببێته‌وه و سوود له دۆخی ئێسته‌ی سووریا وه‌ربگرێت."
پێشڕه‌وییه‌كانی هیزه‌كانی سه‌ربه توركیا دژی هه‌ده‌سه، ئه‌مه‌ریكای نیگه‌ران كرد، چونكه ده‌توانێت هه‌ڵمه‌تی دژه داعش بخاته مه‌ترسییه‌وه.
پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی سه‌ربه توركیا دژی پێگه‌كانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، ئه‌مه‌ریكای نیگه‌ران كرد، چونكه ده‌توانێ سه‌رنجی سه‌ربازه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌تی دژه داعش لاببات و پاراستنی كه‌مپه‌كانی زیندانه‌كانی داعش بخاته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا، له‌وانه‌ش وه‌زیری به‌رگری و به‌ڕێوه‌به‌ری سی ئای ئه‌ی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، پێوه‌ندییان به هاوتا توركه‌كانیانه‌وه كرد و ئه‌وه‌ی وایكرد، ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له 12ی كانوونی یه‌كه‌م، سه‌ردانی توركیا بكات بۆ هه‌وڵدان بۆ وه‌ستاندنی پێشڕه‌وی هێزه‌كانی سه‌ربه توركیا و دووباره تێگه‌یاندنی توركیا له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش. به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی پنتاگۆن له پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی ئۆستن له‌گه‌ڵ یاشار گوله‌ر وه‌زیری به‌رگریی نیشتمانی توركیا، هه‌ردوو به‌رپرسه‌كه ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی "رێگری له په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری دۆخێكی له ئێسته‌وه ناجێگیر بكرێت، هه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه له هه‌ر مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر هێزه‌كان و هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مه‌ریكا".
هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا ددانی به "نیگه‌رانییه ته‌ناهییه ره‌واكانی ” توركیادا نا. لای خۆیه‌وه بلینكن به ئه‌ردۆغانی ڕاگه‌یاندووه، "زۆر گرنگه كار بكه‌ین دژی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش". ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "وڵاته‌كه‌مان زۆر ماندوو بووه و به‌درێژایی چه‌ندان ساڵ زۆری به‌خشیوه بۆ دڵنیابوون له نه‌هێشتنی خه‌لافه‌تی داعش، بۆ دڵنیابوون، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه جارێكی تر سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه”. له كاتێكدا ئه‌ردۆغان ڕه‌زامه‌ندیی ده‌ربڕی كه شه‌ڕی دژه داعش توند بكات، به‌ڵام سوێندیشی خوارد كه واز له به‌دواداچوونی توركیا نه‌هێنێت بۆ ئه‌و گرووپانه‌ی كه وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌زانێت، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی په‌رده‌پۆش نه‌كراوه بۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات. بێگومان دوا لێدوان بۆ كورده‌كانی سووریای یه‌په‌گه نائارامكه‌ر بوو كه به‌شێكی زۆری پێكهاته‌ی كوردی ئه‌و هێزه پێكده‌هێنن.
وا دیاره، له چوارچێوه‌ی ئه‌م گفتوگۆیانه‌دا، ئه‌مه‌ریكا و توركیا ڕێكخستنێكیان داڕشتووه كه تێیدا هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، له مه‌نبه‌ج بكشێنه‌وه و توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانیشی له ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات پێشڕه‌وی نه‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت كۆریلا له 10ی كانوونی دووه‌مدا گه‌شتێكی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا كرد، بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه ڕێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ ده‌كرێت. به‌ڵام هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ڕای گه‌یاندووه كه ئه‌م ڕێكخستنی ئاگربه‌سته دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، تێكچووه و توركیا تۆمه‌تبار ده‌كات، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕاگرتنی ململانێكان.
توركیا و هاوپه‌یمانه به‌كرێگیراوه‌كانی به‌رده‌وام بوون له په‌ره‌پێدانی” شه‌ڕه‌كه. زانیارییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه توركیا ڕێگه‌ی به گواستنه‌وه‌ی سه‌لامه‌تی مه‌ده‌نی و شه‌ڕڤانان له مه‌نبه‌جه‌وه نه‌داوه وه‌ك ڕێكخراوه‌كه، هه‌روه‌ها هێزی سه‌ربازیی خۆی له ڕۆژئاوای كۆبانێ كه ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی فورات، بۆ هێرشكردنه سه‌ری دروست ده‌كات. هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له 13ی كانوونی دووه‌م به میدیاكانی ڕاگه‌یاندووه، "ئامانجی ستراتیجی ئێمه له‌ناوبردنی یه‌په‌گه‌یه"، له كاتێكدا ده‌گوترێت به‌رپرسانی تری توركیا فشار له ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی پێ بدات سێ لیوای كۆماندۆ بڵاو بكاته‌وه بۆ جێگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، ئه‌ركی شه‌ڕی داعش و وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتی پاسه‌وانیكردنی چه‌ند ناوه‌ندێكی ده‌ستبه‌سه‌ركردن كه چه‌كدارانی داعش و خێزانه‌كانیان تێدا نیشته‌جێیه بگرێته ئه‌ستۆ. له وه‌ڵامی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌دا، جه‌نه‌راڵ جاك كین ڕاوێژكاری نافه‌رمی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێراوی، كرده‌وه‌كانی توركیای له دژی كورده‌كانی سووریا سه‌ركۆنه كرد، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه تره‌مپ زۆر توند ده‌بێت به‌رانبه‌ر ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، به‌ڵام ئه‌وه ماوه‌ته‌وه ببینرێت.
نادڵنیایی له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ سه‌ركرده نوێیه‌كانی سووریا
له‌م ناوه‌نده‌دا ئێسته ڕوون نییه كه پێوه‌ندیی نێوان سه‌ركردایه‌تیی كورده‌كان و ته‌حریر شام چی ده‌بێت كه ئه‌مه دووه‌میان له دیمه‌شق جێگیر بووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕژێمی ئه‌سه‌د هه‌رگیز ددانی به‌ڕووخساری ئۆتۆنۆمی كوردی سووریادا نه‌نا، له كاتی ڕووخانی حكوومه‌تی ئه‌سه‌د، هیچ فرمێسكێك له‌لایه‌ن كوردانی سووریاوه نه‌ڕژا، به‌تایبه‌تی ئه‌و گفتوگۆ ناوبه‌ناوانه‌ی كه كورد له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ڕژێمی ئه‌سه‌د كردبووی، هه‌رگیز سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌درێژایی شه‌ڕی ناوخۆی سووریا، ئۆپۆزسیۆنی سووریا كه (له گرووپه جیاوازه‌كان پێكهاتبوو) ئاماده نه‌بوو ئۆتۆنۆمی كوردیش قبووڵ بكات و بیرۆكه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیشیان قبووڵ نه‌كرد. جگه له‌وه‌ش ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیی ته‌حریر شام و (ڕه‌گوڕیشه‌ی قاعیده‌ی هه‌یه)، به‌رپرسانی كورد نیگه‌ران ده‌كات، چونكه ئه‌و بوونه‌ی كه دروستیان كردووه عه‌لمانییه. به‌رپرسێكی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات كه بنكه‌كه‌ی له ئه‌مه‌ریكایه، لقێكی سیاسییه له هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، له‌مدواییانه‌دا ڕای گه‌یاند، "ئایا ئه‌م گرووپه‌ی ته‌حریر شام بڕیاره سووریایه‌كی عه‌لمانی، سووریایه‌كی دیموكراسیی میانڕه‌و دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو گه‌لی سووریا له حكوومه‌تی نوێ‌دا هه‌بێت? ئه‌مه‌یه پرسیاره‌كه. ئه‌ی كورد؟ ئه‌ی درووز؟ ئه‌ی عه‌له‌وی؟.
تا ئێسته سه‌ركردایه‌تیی ته‌حریر شام هیچ لێدوانێكی له‌سه‌ر دۆخی كورد نه‌داوه، هه‌روه‌ها هیچ هه‌نگاوێكی سه‌ربازیی گه‌وره‌ی له دژی پێگه‌كانیشی له‌م بواره‌دا نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر. به‌شێوه‌یه‌كی ئایدیاڵ سه‌ركرده كورده‌كانی هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌م قه‌واره ئۆتۆنۆمه‌دا، پێیان خۆشه له‌گه‌ڵ ته‌حریر بچنه گفتوگۆ له‌باره‌ی خواستی خۆیان بۆ ده‌وڵه‌تی فیدراڵی، به‌ڵام ئه‌وه ماوه‌ته‌وه ببینرێت. به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه سه‌ركرده‌كانی ته‌حریر شام (هه‌روه‌ها زۆربه‌ی سوورییه‌كان) پێده‌چێت بیانه‌وێت هه‌موو كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ناوچه‌ی دێره‌زور كه ئێسته له‌لایه‌ن پێكهاته عه‌شایه‌رییه عه‌ره‌بییه‌كانی سووریای دیموكراته‌وه كۆنترۆڵ كراوه، بگه‌ڕێنه‌وه ژێر كۆنترۆڵی حكوومه‌تی ناوه‌ندی. گومان له‌وه نییه له ماوه‌یه‌كی نزیكدا دێره‌زور به‌یعه‌ت به ته‌حریر شام بدات.
هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر ئیداره‌ی داهاتووی تره‌مپن
هه‌رچه‌نده به‌رپرسانی ئیداره‌ی بایدن هه‌موو هه‌وڵێكیان داوه بۆ ڕاگرتنی ئاگرێكی گه‌وره‌ی شه‌ڕی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و هێزه‌كانی سه‌ربه توركیا، به‌ڵام هه‌مووان د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م ئیداره‌یه‌ی ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا كاتێكی ماوه. ئه‌ردۆغان كه به گه‌رمی پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له تره‌مپ كرد، بێگومان هیواخوازه بتوانێت دۆستایه‌تی و كاریگه‌ریی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی داهاتووی ئه‌مه‌ریكا دروست بكاته‌وه و وه‌ك جاری ڕابردوو پێوه‌ندییه‌كی نزیكی له‌گه‌ڵدا هه‌بێت. گرنگه له بیرمان بێت كه دوای پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی تره‌مپ و ئه‌ردۆغان له مانگی كانوونی دووه‌می ٢٠١٨ و ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٩، تره‌مپ له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بوو بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا. پاشان تره‌مپ له‌م به‌ڵێنه پاشه‌كشه‌ی كرد، دوای ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئیداره‌كه‌ی خۆی ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی به‌رانبه‌ر به‌و هه‌نگاوه، دڵنیایی درا كه زۆربه‌ی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی سووریا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه پارێزراو ده‌بن.
تره‌مپ له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان هاوڕا بوو بۆ كشانه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی دواتر پاشه‌كشه بكات.
تره‌مپ له دوای دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یه‌وه هیچ لێدوانێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا نه‌داوه، به‌ڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د له‌سه‌ر X ڕایگه‌یاند، "سووریا فه‌ساده، به‌ڵام ئه‌وه هاوڕێی ئێمه نییه، ئه‌مه‌ریكا نابێت هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌وه‌وه هه‌بێت. ئه‌مه شه‌ڕی ئێمه نییه. ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییانه له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بكشێنێته‌وه یان نا، ئه‌وه پێشبینی هه‌ر كه‌سێكه، به‌ڵام ڕه‌نگه تره‌مپ مه‌یلی ئه‌وه هه‌بێت، سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تیی هه‌ندێك هاوپه‌یمانی كۆنگرێس و به‌رپرسه باڵاكانی داهاتوو.
سیناتۆر لیندسی گراهام كه یه‌كێكه له هاوپه‌یمانه‌كانی تره‌مپ له كۆنگرێس، ڕای گه‌یاند كه یاسایه‌ك داده‌ڕێژێت بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیادا "ئه‌گه‌ر به‌شداری ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بكه‌ن دژی هێزه كوردییه‌كان كه یارمه‌تی سه‌رۆك تره‌مپیان داوه داعش له‌ناو ببات." هه‌روه‌ها سیناتۆر ماركۆ ڕوبیو كه بڕیاره ببێته وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تره‌مپ، مایك والتز ئه‌ندامی پێشووی كۆنگرێس كه تره‌مپ وه‌ك ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی هه‌ڵیبژاردووه، ڕه‌خنه‌یان له توركیا گرتووه به‌هۆی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕووسیا و سیاسه‌ته‌كانی دژ به قوبرس و كاره‌كانی به‌رانبه‌ر به كورده‌كانی سووریا. ئایا گراهام و ڕوبیۆ و كه‌سانی تر ده‌توانن تره‌مپ ڕازی بكه‌ن كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریادا بمێنێته‌وه یان نا، نازانرێت، به‌ڵام ڕه‌نگه تره‌مپ له خولی دووه‌میدا هه‌ست به به‌هێزی بكات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره فشارانه.
ئه‌گه‌ر تره‌مپ بڕیاری كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بدات، ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌یه ئه‌ردۆغان فه‌رمان به سه‌ربازانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی بكات، له ده‌ستدرێژییه‌كی قووڵتر له‌وه‌ی پێشوو هێرش بكه‌نه سه‌ر ناوچه‌كه به ئامانجی له‌ناوبردنی رۆژئاوا. به‌رپرسێكی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به ئاماژه‌دان به ئه‌گه‌ری له‌شكركێشییه‌ك به سه‌ركردایه‌تیی توركیا، سوێندی خوارد، "به توندی به‌ره‌نگاری ده‌بینه‌وه" و "ئێمه زۆر باشتر ئاماده‌كاریمان كردووه له چاو ساڵی 2019" (كاتێك توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی هێرشیان كرده سه‌ر سنووره‌كه".
نووسینی: گریگۆری ئافتاندیلیان
سه‌رچاوه: سه‌نته‌ری عه‌ره‌بی له واشنتن دی سی
وه‌رگێڕانی "وشه"