لە دووەم گۆڕانكاریی گەورە لە ناوچەكە لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەم جۆزێف عەون فەرماندەی سوپای لبنان وەك سەركۆماری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا، كە حزبوڵا و بزاوی ئەمەلیش دەنگیان بەو دا، ئەوەش ئاماژە بۆ لاوازیی ئەوان دەكات، لەو ناوەدا ئیسرائیل پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی لبنان كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەم دوای دەنگدانی پەرلەمانی لبنان و هەڵبژاردنی جۆزێف عەون وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە لە دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە چۆڵبووی پۆستەكە بەهۆی گوشارەكانی حزبوڵا و هەوڵی بۆ دانانی سەرۆكێكی نزیك لە خۆی، جەدعوون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی لبنان دەكەم، دوای تەنگژەیەكی دورودرێژی سیاسی، هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە ببێتە مایەی سەقامگیریی و دواڕۆژێكی باشتر بۆ لبنان و گەلەكەی و بەهێزبوونی پێوەندییەكانی دراوسێتی باش.
ئەمڕۆ
عەون لە دوای هەڵبژاردنی و سوێندی یاسایی، وتارێكی پێشكەش كرد، دووپاتی كردەوە كە رێز لە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل دەگرێت و بەڵێنی ئاوەدانكردنەوەی باشووری لبنانی دا و دووپاتی كردەوە كە لابردنی داگیركاریی ئیسرائیل تەنیا ئەركی دەوڵەتی لبنانە و سوپا لبنان دەپارێزێت.
شارەزایان پێیان وایە هەڵبژاردنی سەرۆكی لبنان لە دوای دوو ساڵ لە چۆڵبوونی پۆستەكە، سەركەوتنی دەوڵەتە بەسەر دەسەڵاتی دەوڵەتۆكەی حزبوڵا، ئالان سەركیس شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە هەڵبژاردنی عۆن سەركەوتنە بۆ پڕۆژەی دەوڵەت لە دوای ماوەیەك لە چۆڵبوونی پۆستەكە، ئەو لە دامەزراوەیەكی سەربازییەوە هاتووە و ئاماژەیە بۆ پابەندبوون بە پڕۆژەی دەوڵەت لە بەرانبەر پڕۆژەی دەوڵەتۆكەی حزبوڵا، كە سوودی لە بۆشایی سیاسی بینی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەكانی و ئەوەی دەیەوێت.