بۆچی نابێت لە كاتی خواردندا مۆبایل بەكار بێنیت؟

:: PM:09:02:09/01/2025 ‌

مۆبایل بووەتە پێویستییەكی سەردەم و شوێنی زۆر ئامێری تری گرتووەتەوە، جیا لەوە كەسانێكی زۆر ئاڵوودەی بوونە و لە هەموو شوێنێك دەستی بۆ دەبەن و بۆ زۆر مەبەست بەكاری دێنن و ناتوانن بۆ چەند ساتێك بێ مۆبایل هەڵ بكەن، شارەزایانی تەندروستی وریایی دەدەن و پێیان وایە بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی ژەمی خواردن یان خواردن مەترسیدارە. 

وەك شارەزایان دەڵێن، بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی خواردن دەبێتە هۆی ژەهراویبوون، پزیشكان ئاماژە دەكەن بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی خواردن ژینگەیەكی لەبار دروست دەكات بۆ گەشەكردنی میكرۆبەكان وەك ئیشریشیا كۆلای و هیتریش، ئەو بەكتریایانە دەتوانن بەئاسانی بچنە ناو خۆراك و دەبنە هۆی ژەهراویبوون وهەوكردنی پێست و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە، رەنگە دۆخە زیاتر مەترسیدار بێت و بگاتە ئاستی هەوكردنی سییەكان، بەتایبەتی لەو كەسانەی بەرگریی لەشیان لاوازە.

روونیان كردەوە، هۆكاری ئەو مەترسیدارییەی مۆبایل و بەكارهێنانی لە كاتی خواردن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەستی مرۆڤ بەر چەندان رووی جیاواز دەكەوێت، بۆیە میكرۆ‌وب لە دەستەوە بۆ مۆبایلەكە دەگوازرێتەوە، جیا لەوە هەندێك جار دوای هاتنەدەرەوەی لە دەبلیو سی و بەكارهێنانی بەر لە شووشتنی دەست، میكرۆبەكان دەگوازرێنەوە، بۆیە بۆ خۆپاراستن لەو مەترسییانە پێویستە بە بەردەوام مۆبایل پاك بكرێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل