باشترین كات بۆ خواردنەوەی قاوە بەیانیانە

:: PM:09:29:09/01/2025 ‌

قاوە یەكێكە لەو خواردنەوانەی لەسەر ئاستی دنیا زۆر بڵاوە، كە سوودی هەیە ووریاكەرەوەیەكی باشە، بەڵام زیانیشی هەیە، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات ئەو كەسانەی تەنیا بەیانیان قاوە دەخۆنەوە، كەمتر تووشی كێشەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن و گەشەی شێرپەنجە دەبنەوە. 

زانایان لە توێژینەوەكە كە لە كۆواری "كۆمەڵەی دڵی ئەوروپا" بڵاو كرایەوە دەڵێن، ئەو جۆرە پێوەندییە لەوانە تێبینی نەكراوە كە بە درێژایی رۆژ قاوە دەخۆنەوە، ئەوان تاوتوێی ژیانی 40 هەزار كەسیان كرد و دووپاتیان لەو ئەنجامە كردەوە، لە توێژینەوەیەكی پێشتر باسی ئەوە كراوە كە خواردنەوەی قاوە بەر لە خواردن زیانی نییە، وەك برینی گەدە یان گەڕانەوەی ترەشەلۆكی گەدە، بەڵام باشترە دوای خۆراك بخورێت و كرێمی تێ بكرێت.

لە لایەكی تر شارەزایان وریایی لە زیادەڕۆی لە خواردنەوەی قاوە دەدەن، ئەوان دەڵێن راستە قاوە بە دژەئۆكسێنەر دەوڵەمەندە و رۆڵی لە كەمكردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شەكرە و دڵ هەیە، بەڵام زۆر خواردنەوەی كاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی هەیە، چونكە دەبێتە هۆی رارایی و هەڵچوون و هێڵنج و سەرئێشە و دلەكوتێ و ناڕێكی لێدانی دڵ و دڵەنۆرە.   

بۆیە پزیشك و شارەزایان پێیان وایە نابێت ئەو بڕە قاوەی رۆژانە دەخورێت لە 400 ملیگرام زیاتر بێت، واتە چوار كووپی قەبارە ناوەند، بۆ ژنانی دووگیان نابێت لە دوو كووپ زیاتر بێت، ئەوەش بۆ خۆپاراستن لە كەمبوونەوەی كێش و دواكەوتنی گەشەی كۆرپەلە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل