بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و ئەمەریكا لەسەر پرسی كورد كۆدەبنەوە

:: AM:08:58:10/01/2025 ‌
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، لەگەڵ هاوتا ئەوروپیەكانی سەبارەت بە دۆخی سووریا و هەوڵەكان بۆ سەقامگیریی وڵاتەكە و چارەسەركردنی گرژییەكانی نێوان هەسەدە و توركیا كۆدەبێتەوە.

كۆشكی سپی رای گەیاند، بلینكن لە رۆما لەگەڵ هاوتا بەریتانی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئیتاڵییەكەی كۆدەبێتەوە، ئەمەش دوای گەشتەكانی دێت بۆ كۆریای باشوور، ژاپۆن و فرەنسا.

بە گوێرەی راگەیەنراوەكەی كۆشكی سپی، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە، هێرش و بۆردوومانەكانی توركیان بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا و هەوڵدان بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە.

وڵاتانی رۆژئاوا، بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بوونی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ناوچەكە بە گەرەنتی دەزانن بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هاوكات بلینكن پێداگری لەسەر ئەوە كرد، كە نیگەرانییەكانی توركیا، سەبارەت بە بوونی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سووریادا رەوان و داوایكرد لە رێگەی دەركردنی چەكدارە بیانییەكانەوە لە وڵاتەكە، دۆخەكە چارەسەربكرێت.

تەوەرێكی تریی كۆبوونەوەكەش، سوككردنی سزاكانی سەر سووریایە، كە هەریەكە لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا پێشتر ئامادەییان پیشاندابوو.

جگە لەوەش بلینكن داوای لە وڵاتانی ئەوروپی كردووە، هاوڵاتییانیان كە لە كامپەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دەستبەسەركراون بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەكانیان.

 بڕیارە ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە ئەمرۆ هەینی، سەردانی دیمەشق بكات.



وشە - سۆران عەزیز