سووریا.. دەستدرێژیی دەكرێتە سەر هونەرمەندێكی ناودار و بە توندی لێی دەدرێت

:: AM:10:24:11/01/2025 ‌
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە سووریا و دروست لە دیمەشقی پایتەخت، بە فراوانی ئەو هەواڵە بڵاو بووەتەوە كە هونەرمەند عەبدولمونعیم عەمایری لەلایەن چەكدارانەوە دەستدرێژیی كراوەتە سەر و زۆر بەتوندی لێی دراوە، لێدانەكەی لە ئاستێكدایە دۆخی تەندروستیی تێكداوە و زیان بەر جگەری كەوتووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەوە بڵاو بووەوە هونەرمەند عەبدولمونعیم عەمایری كە هونەرمەندێكی ناوداری سووریایە، لەلایەن چەكدارانەوە لە دیمەشق توندوتیژیی بەرانبەر كراوە و بەتوندی لێی دراوە. بەدوایدا  باس لەوە كراوە كە عەمایری رەتی كردووەتەوە لێی درابێت، بەڵام كچەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاشكرای كرد كە باوكی هەواڵەكەی رەت نەكردووەتەوە، بەڵكو هەواڵەكە دروستە و زۆریش بەتوندی لەلایەن چەكدارانەوە لە باوكی دراوە و زیانی زۆریان پێ گەیاندووە.

مریەم كە كچی ئەو هونەرمەندەیە و لە ئیسنتاگرام نووسیویەتی، كوا رەوشت و كوا یاسا؟ ئاینەكەت رێگەت پێ نەادات "كفر" بكەیت، كەچی رێگەت پێ دەدا لە كەسێك بدەیت لە ئاستی تەمەنی باوكی خۆتە، بەجۆرێك لێی بدرێت ببوورێتەوە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكرێ كە لێدانی ئەو هونەرمەندە بەهۆی ئەوە بووە وەك چەكداران دەڵێن "كفر"ی كردووە. بەڵام پێگەی "دەنگی پایتەخت- صوت العاصمە" بڵاوی كردووەتەوە، عەمایری لەگەڵ چەكداران تووشی كێشە بووە و دەمەقاڵی لە نێوانیاندا دروست بووە و ئەو هونەرمەندە سەرخۆش بووە، بۆیە جنێوی بە چەكداران و ئیدارەی سەربازیی سووریا داوە. وەك دەگوترێ هەندێك وشەی لە دژی ئەوان بەكار هێناوە، ئەوان بە "كفر"ی دەزانن.

مریەم زیاتر گوتی، باوكی نەخۆش بووە و دوو نەشتەركاریی جگەر و زراوی بۆ كراوە، كاتێك چەكدارانی لێیان داوە، زیانی زۆریان بە جگەری گەیاندووە بەجۆرێك بووراوەتەوە.

لەلایەكی تریشەوە هونەرمەند ئەمەل عەرەفە كە پێشتر هاوسەری عەمایری بووە و ئێستە لێی جیا بووەتەوە، لە رێگەی فەیسبووكەوە پاڵپشتیی لە عەمایری كردووە و بۆی نووسیوە، "عەبدولمونعیم عەمایری كەرامەتی تۆ لەسەر چاو و لەسەر سەرانە، باوكی منداڵەكانم هیوای سەلامەتیت بۆ دەخوازم".

باس لەوە دەكرێ كە ئەوە یەكەمین جار نییە چەكداران دەستدرێژی بكەنە سەر ئەو هونەرمەندە. ئاماژە دراوە كە پێشتر چەكداران هۆشدارییان بە عەمایری داوە كە جارێكی تر هەڵە نەكاتەوە و سووكایەتییان پێ نەكات، بۆیە چوارەمین جار تووشی دەستدرێژیی بووەتەوە و لێی دراوە. 

هونەرمەند عەبدولمونعیم عەمایری لە بنچینەدا فەلەستینییە و خێزانەكەی لە گوندی جاعوونەی فەلەستین ژیاون، دواتر هاتوونەتە سووریا و عەمایری خۆی لە سووریا لە دایك بووە و هەر لەوێش ژیاوە. ئەو هورمەندە جیا لە دەیان كاری هونەریی لە شانۆ و دراما و فیلم، هاوكات یەك لە پاڵەوانەكانی زنجیرە درامای "باب الحارە"یە كە ناودارترین زنجیرە درامای عەرەبی و سوورییە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د