دوای 10 ساڵ كچە ئێزیدییەك لە ژێر دەسەڵاتی تەحریر شام رزگار كرا

:: AM:11:12:11/01/2025 ‌
10 ساڵ پێش ئێستە وەك هەزاران كچی تری ئێزیدی، سیلڤانا خدر لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنرا و بۆ چەندان ساڵ كرا بە كۆیلە، پاش تێكشكاندنی داعش، سیلڤانا كەوتووەتەوە دەست گرووپی چەكدارانی تەحریری شام و لە ئیدلب ماوەتەوە تا كاتی گەڕانەوەی بۆ كوردستان.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی كردووەتەوە، كچە رفێنراوێكی ئێزیدی دەستی چەكدارانی داعش، كاتێك لە ئابی ساڵی 2014 رفێنراوە، تەنیا تەمەنی 17 ساڵ بووە.

دوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، یەكێك لە ئەندامانی تیمی رزگاربووانی ئێزیدییەكان، توانی بیدۆزێتەوە و یارمەتی بدات، تا رۆژی پێنجـی یەكـی 2025 گەڕایەوە هەرێمی كوردستان.

سیلڤانا ئێستە تەمەنی 27 ساڵە، خێزانەكەی لەگەڵ رفاندنیدا لەلایەن داعشەوە وایانزانیوە كوژراوە، بۆیە پرسەیان بۆ داناوە و گۆڕیشیان لە گوندی كۆجۆ بۆ دروست كردووە، بەڵام ئەم كچە سەرەتا براوە بۆ تەلەعفەر و دواتریش هەوڵی هەڵاتنی داوە، بۆیە چەكدارانی داعش بەرەو رەقەی سووریایان بردووە و بەپێی گوتەكانی خۆی بێت، ئەم چوار ساڵەی رابردووی لە ژێرزەوینی ماڵێك لە ئیدلب بردووەتەسەر.

ئەم كچە ئێزیدییە زیاتر لە دەیەیەكی تەمەنی لە ژێردەستی چەكدارانی داعش و دوور لە خێزانەكەی بەسەر بردووە، باسی لە هەستی خۆی كردووە و دەڵێت: دڵم خۆشە، لە هەمان كاتدا خەمباریشم، چونكە باوكم و دوو برام شەهید بوون و دایك و برایەكی تریشم بێسەروشوێنن، خوشك و براكانی تریش لە ئەوروپا دەژین.

 لەبارەی مانەوەی لە ئیدلب، ئەو كچە ئێزیدییە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، چەكدارانی داعش لەوێ نەبوون و ئەویش بەتەنیا ژیاوە، خەڵكی ناوچەكە هاوكارییان كردووە، گوتوویەتی:"ژیان زۆر سەخت بوو و ترس و برسێتی و بۆردمانێكی زۆری فڕۆكەكانم بینیوە".

ئەوەشی ئاشكرا كرد: دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ماوەی پێنج رۆژی پێ چووە تا سنووری سووریا جێبهێڵێت، سەرەتا گەیشتووەتە شاری مەنبج، دواتر بە شەو بەرەو رەقە رۆیشتووە و دواتر حەسەكە و عاموودا و دواتریش لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان بە برا گەورەكەی شاد بووەتەوە.

سیلڤانا گوتوویەتی، بە یارمەتیی گەنجێكی كوردی هەرێمی كوردستان، توانیویەتی رزگاری بێت كە لە ئۆفیسی رزگاربووانی رفێنراوانی ئێزیدی كاری كردووە.

سیلڤانا بۆ ماوەی 10 ساڵ بە زۆر بە زمانی عەرەبی قسەی پێ كراوە و خەریكە كوردی لە بیر دەچێتەوە، بۆیە بە عەرەبییەكی خراپ قسە دەكات.

بەپێی  ئاماری بەڕێوەبەری نوسینگەی رفێنراوانی ئێزدی، لە ئابی 2014 چەكدارانی داعش شەش هەزار و 417 ئێزدیان رفاندووە و تا ئێستە تەنیا سێ هەزار و 500یان رزگار كراون و  دوو هەزار و 600 ئێزدی بێسەروشوێنن.

 



وشە - سۆران عەزیز