فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ زانیاری بڵاو دەكاتەوە و رای گەیاند، ئامانجی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی زانیاری لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ژمارە و داتا و بەڵگەنامەی پێویست بۆ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدراڵی.
ئەمڕۆ شەموو 11ـی كانوونی دووەم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردووەتەوە، كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بە میوانداریی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدراڵی و ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت. تایبەتە بە مووچە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە بەغدا.
باس لەوەش كراوە، ئامانجی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی زانیاری لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ژمارە و داتا و بەڵگەنامەی پێویست بۆ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی فیدراڵی و ئەنجوومەنی نوێنەران و گفتوگۆكردن لەبارەیانەوە، تا بەپێی تایمەتمەندی بە ئەركی خۆیان هەستن بۆ پرسی نیشتمانی و داكۆكیكردن لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆتاهێنان بە قەیرانی مووچە و بودجەی هەرێم.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ دەكرێن كە بریتین لە: ڕاپۆرتێك لە چوارچێوەی بەیانی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024، خشتەی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2024، پرسی نەوت لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، خستنەڕووی زانیاری لەبارەی تەرخانكراوەكانی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاكان لە خشتەكانی یاسای بودجەی فیدراڵ، گوتەی هەریەك لە وەزیرانی كاروباری پێشمەرگە، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، تەندروستی، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، لەبارەی خەرجنەكردنی شایستەی تەواوی ئەم وەزارەتانە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵ، بەرەوپێشچوونەكانی جێبەجێكردنی تەواوی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر حكوومەتی فیدراڵ بەتایبەت لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران.
لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و دانانی بەرنامەیەك بۆ چڕكرنەوەی هەوڵەكان، دانانی میكانیزمی هاوئاهەنگیی پێویست بۆ چارەسەری كێشەكان و بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەكانی هەرێم لە بەغدا.