بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی كەلوپەلی خۆراكی هەولێر، ناسنامەی لیزەری بۆ بریكارەكانی خۆراك دەردەكات و دەڵێت، ساڵانە دەبێت نوێ بكرێتەوە.
دلێر عەبدولواحید بەڕێوەبەری بازرگانیی كەلوپەلی خۆراكی هەولێر رای گەیاند، شێوەی ئەو ناسنامەیە دەگۆڕێت كە بۆ بریكارەكانی خۆراك دەردەكرێت و ساڵانە بە 25 هەزار نوێ دەكرێتەوە.
بۆ دەركردنی ناسنامەكە، بریكارەكانی خۆراكی هەولێر ئاگادار كراونەتەوە كە بەزووترین كات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی كەلوپەلی خۆراك بكەن.
لەبارەی شێوازی ناسنامەكە و گۆڕانكارییەكان، دلێر عەبدولواحید گوتی، لەڕووی كاركردن بە ناسنامەكە، جیاوازیی لەگەڵ ئەوەی پێشتر نییە و تەنیا ئەوەیە دەبێتە كارت و بریكار بەو ناسنامەیە دەناسرێتەوە و بەشەخۆراكی مانگانەی پێ دەدرێت.
لە كاتی سەردانكردندا دەبێت بریكارەكان ئەم پێداویستییانە لەگەڵ خۆیان ببەن: دوو وێنەی نوێی مامەڵە، كارتی نیشتمانی، كارتی زانیاری و ناسنامەی بریكاری ساڵی 2024 و پێویست بە پاكانەی باج و دەرامەت ناكات.