نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە جۆزێف عۆن كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆماری لبنان.
ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە X پیرۆزبایی لە جۆزێف عۆن كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆماری لبنان، هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازێت لە سەركردایەتیكردنی وڵاتەكەی.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان خواست و ویستی خۆی دووپات دەكاتەوە بۆ بەهێزكردنی هاوكاریی نێوان هەرێمی كوردستان و لبنان، بەشێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشیان بكات.
جێی ئاماژەیە كە رۆژی پێنجشەم نۆی كانوونی دووەم، جۆزێف عۆن بە سەرۆكی نوێی لبنان هاتە هەڵبژاردن.
عۆن ساڵی 1964 لە لبنان لە دایك بووە، لە ساڵی 2017ـەوە فەرماندەی گشتیی سوپای لبنان بوو، ئەو لە زانكۆی ئەمەریكی- لبنانی خوێندوویەتی و زمانەكانی عەرەبی، فڕەنسی و ئینگلیزی دەزانێت.