سعوودیە و دەوڵەتانی تری عەرەبی لەگەڵ حكوومەتی ئیسلامی سووریادا، خەریكی پێوەندیكردنن بۆ بەدەستهێنانی پێگەی كاریگەر لەو وڵاتەدا كە دۆخێكی ستراتیجیی هەیە، سەرەڕای گومان لە ڕابردووی جیهادی سەركردە نوێیەكانی سووریا.
شانشینی یەكگرتوو لەگەڵ ئوردن و قەتەر، بەپەلە هاوكارییە مرۆییەكان و هاوكارییە وزەییەكان بە دانیشتووانی ماندووی سووریا دەگەیەنن. دەوڵەتانی عەرەبی گرەو لەسەر ئەوە دەكەن بەم كارە دەتوانن ئامانجی تایبەت و ستراتیجی پێش بخە لە بڕینی ڕێڕەوی مادە هۆشبەرەكان و چەكدارە توندڕەوەكان لە سنوورەكانی سووریاوە، تا بەرەنگاربوونەوەی كاریگەریی ڕكابەرەكانی وەك توركیا و ئێران.
فابریس بالانچ پسپۆری سووریا و مامۆستا لە زانكۆی لیۆن ٢ لە فڕەنسا دەڵێت: "حكوومەتەكانی ناوچەكە نیگەرانن لە نەسەبی ئیسلامیی فەرمانڕەوا نوێیەكان، بەڵام هەروەها لەوەی كە جەماوەریی ئەوان كاریگەرییەكی درماوی لەناو دانیشتووانی خۆیاندا هەبێت". "هەروەها دەیانەوێت لە سووریای نوێدا كورسییەكیان هەبێت.”
چۆنێتیی پێكهاتەی سیاسیی وڵاتەكە دوای ڕووخانی خێرا و چاوەڕواننەكراوی ڕژێمی ئەسەد، كاریگەرییەكی بەرفراوانی لەسەر ناوچەكە هەیە. لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵەی ململانێدا، ئەكتەرە بیانییەكان لەناویاندا پشتیوانە سەرەكییەكانی بەشار ئەسەد، ئێران و ڕووسی پشتگیرییان لە كوتلە جیاوازەكان كرد بۆ پێشخستنی ئەجێنداكانیان كە زۆرجار كێبەركێیان لەسەر دەكرد، سووریایان كردە شانۆیەك بۆ شەڕی بە وەكالەت.
كۆمكاری عەرەبی دوای دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، ئەندامێتیی سووریای هەڵپەسارد، بەڵام سعوودیە لەم ساڵانەی كۆتاییدا هەوڵی نوێكردنەوەی پێوەندییەكانی دەدا.
لە بۆشایی دوای ئەسەددا، وڵاتانی نوێی عەرەبی هاتنە ناوەوە و پێشنیاری یارمەتیدانی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكە دەكەن وەك دابینكردنی خۆراك و وزە، شیكارەكان دەڵێن پاڵنەرەكانی ئەم هاوكارییە زیاترە لەوەی خۆبەخشی بێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سعوودیە پردێكی ئاسمانی مرۆیی بەڕووی سووریادا كردەوە كە خۆراك و شوێنی حەوانەوە و پێداویستیی پزیشكی لە خۆ گرتبوو. هەروەها شانشینی یەكگرتوو پێشنیاری ڕاهێنان و تەیاركردنی پۆلیسی مەدەنیی سووریا و گۆڕینی پێداویستییە نەوتییە سزادراوەكانی ئێرانی كردووە، بۆ یارمەتیدانی كەمكردنەوەی قەیرانی وزەی دیمەشق، پێشنیارەكان كە هێشتا لە ژێر گفتوگۆدان.
تەحریر شام گرووپێكی ئیسلامییە، سەركردایەتیی ئەو هێرشەی كرد كە ڕژێمی ئەسەدی ڕووخاند، لە ڕابردوودا وەك لقێكی قاعیدە پێكهێنرا كە هەوڵی داوە بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعوودیە بخات و لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕاستەوخۆ دەستی بە هێرشكردنە سەر شانشینی سعوودیە كردووە، تەحریر شام ئێستە ڕای گەیاندووە پێوەندیی بە جیهادییەكانەوە نەماوە.
زۆر لە دەوڵەتانی عەرەبی لەوانە سعوودیە و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، ترسیان لە سەرهەڵدانەوەی گرووپە ئیسلامییەكانی وەك قاعیدە و ئیخوان موسلیمین و دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. لە دوای ڕاپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١ كە كەوتنی سەركردە دێرینەكانی تونس و میسر و لیبیای لێ كەوتەوە، بۆیە هەوڵ دەدەن ڕێگریی لە تەشەنەكردنی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەكەدا بكەن. ئەو بۆشاییە لە هەندێك حاڵەتدا لەلایەن گرووپە ئیسلامییەكانەوە پڕ كرایەوە، لە ناویاندا لەلایەن فراكسیۆنێكی ئیخوان موسلیمینەوە لە میسر كە دواتر بە كودەتایەكی سەربازی لە كارەكانیان دوور خرانەوە. سعوودیە و ئیمارات لەو كاتەوە ملیاران دۆلاریان خستووەتە ناو میسرەوە بۆ پشتگیریكردن لە عەبدولفەتاح سیسی كە بووەتە سەرۆك.
ئەحمەد شەرع سەرۆكی تەحریر شام جیهادییەكی دژە ئەمەریكی بوو لە عێراق. ساڵانێك لەمەوبەر توندڕەویی ڕەتكردەوە و بەڵێنی داوە ڕێز لە فرەیی نەتەوەیی و ئاینی سووریا بگرێت، لە كاتێكدا گرووپەكەی بەدوای ددانپێدانانی نێودەوڵەتیدا دەگەڕێت. هەروەها دابینكردنی پارە بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكە و دەستپێكردنەوەی گەشانەوەی ئابووری و نیشتەجێكردنی ملیۆنان پەنابەر.
وەزیری دەرەوەی نوێی سووریا هەفتەی ڕابردوو سعوودیەی هەڵبژارد بۆ یەكەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات، پێش ئەوەی ڕێگەیەك بۆ دەوڵەتانی تری عەرەبی بگرێتەبەر، لەناویاندا قەتەر، ئیمارات و ئوردن.
لەبەرئەوەی توركیا پێوەندیی لەگەڵ تەحریر شام و گرووپەكانی تری دژە ئەسەددا هەبوو، ئەمەش وایكردووە ئەنكەرە چالاكانە لەگەڵ حكوومەتی نوێی سووریا بێتە سەر خەت لە بەرانبەر سعوودیە كە ڕكابەری دێرینیەتی. بەپێی بەیاننامەكانی ئیدارەی نوێی سووریا و وەزارەتی وزەی توركیا، چەند ڕۆژێك دوای هەڵاتنی ئەسەد لە سووریا، توركیا بەرپرسان و بازرگانانی ڕەوانەی دیمەشق كرد و ئارەزووی خۆیان دەربڕی بۆ یارمەتیدانی دووبارە بنیاتنانەوەی كەرتی وزەی وڵاتەكە.
شرۆڤەكاران دەڵێن، ڕیاز كە لە كێبەركێی كاریگەریی لەسەر عێراقی دوای سەدام حوسێن بە تاران دۆڕا، هەوڵ دەدات بەشێكی یارمەتییەكان وەك ڕێگەیەك بۆ بەرپەرچدانەوەی هەنگاوەكانی ئەنكەرە لە سووریا بەكار بهێنێت. مێژووی ڕكابەری شانشینی لەگەڵ توركیا دەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆریی عوسمانی و مێژووی ئەمدواییە لە كاتی ململانێی كاریگەریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاكامی بەهاری عەرەبیدا.
فەواز جەرجیس مامۆستای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە قوتابخانەی ئابووری لەندەن دەڵێت: "ئامانجەكەی سعوودیە هاوسەنگكردنی ڕۆڵی بەرچاوی توركیایە لە سووریای نوێدا". ئاماژەی بەوەش كرد، ڕیاز دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی سووریا جارێكی تر ناكەوێتە ناو توندوتیژی و ئاڵۆزیی كۆمەڵایەتی، مەترسی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە دروست بكات.
قەتەر لە مێژە پشتگیریی لەو گرووپانە دەكات كە نەیاری ئەسەد بوون و كاتێك سعوودیە و هەندێك وڵات پێوەندییەكانیان لەگەڵ سووریا لە ساڵی ٢٠٢٣ ئاسایی كردەوە، قەتەر نەچووە پاڵیان.
هێڵی ئاسمانی قەتەر، سێشەم بووە یەكەم كۆمپانیای نێودەوڵەتی كە گەشتە بازرگانییەكانی بۆ دیمەشق دەست پێ بكاتەوە، دوای 13 ساڵ وەستان. ئوردن سەرەڕای كێشە ئابوورییەكانی خۆی، پێشنیاری دابینكردنی كارەبا بۆ سووریا دەكات و لە گفتوگۆدایە بۆ فراوانكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەتی نوێ لەوێ.
ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو بەنیازە هاوكاریی تەكنیكی پێشكەش بكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و یارمەتیدانی نۆژەنكردنەوەی ڕێگەوبان، كارەبا، قوتابخانە، نەخۆشخانە و ماڵەكان لە سووریا. بەڵام هەموو دەوڵەتە عەرەبییەكان پەلە ناكەن لە ئامێزگرتنی حكوومەت بە سەرۆكایەتیی تەحریر شام . ئیمارات ئەم هەفتەیە پێشوازیی لە شاندی سووریا كرد، بەڵام بە ئاشكرا هیچ هاوكارییەكی ئابووری پێشكەش نەكرد.
ئەنوەر گەرگاش ڕاوێژكاری دیپلۆماسیی حكوومەتی ئیماراتی لە كۆنفرانسی ئەبوزەبی لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمدا گوتی، ڕەگوڕیشەی ئیسلامیی فەرمانڕەوا نوێیەكان و پێوەندییەكانی ڕابردوویان لەگەڵ گرووپە توندڕەوەكان "تەواو جێگەی نیگەرانییە". ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر توخمە ڕادیكاڵەكانی ناو ئەم باڵانە لە كۆتاییدا زاڵ بن، "ئەمە هەموومان بەرەو قەیرانێكی تر دەبەن لە ناوچەكەدا ".
هەروەها زلهێزەكانی ڕۆژئاوا ئاگاداری ئەو ئاراستەیەن كە سەركردە ئیسلامییە نوێیەكانی سووریا لە كۆتادا دەتوانن بیگرنەبەر، بۆ ئەوەی خۆیان لە هەڵگرتنی سزاكانی سەر وڵاتەكەیان یان لابردنی ناوی تیرۆریستی لە سەركردایەتییەكەی خۆیان لابەرن.
لەم هەفتەیەدا ئیدارەی بایدن ڕای گەیاند كە بۆ ماوەی شەش مانگ، سنوورداركردنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ سووریا سووك دەكات. ئەمەریكا 10 ملیۆن دۆلاری خەڵاتەكەی لەسەر شەرع هەڵگرت، دوای ئەوەی بەڵێنی دا كە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی.
زۆربەی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر سووریا هەر لە شوێنی خۆیانن. نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەوانی تر ڕایان گەیاندووە كە هیچ پلانێكی دەستبەجێ نییە بۆ لابردنی گەمارۆكانی سەر شەرع و تەحریر شام، هەروەها ئاماژەیان بەوەش كردووە، هەر بڕیارێكی لەو جۆرە بەندە بەوەوە كە ڕژێمی نوێ تا چەند دیموكراسی و گشتگیر دەبێت.
بینۆیت فۆكۆن
وۆڵ ستریت جورناڵ
وەرگێڕانی "وشە"