جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد؛ كورتهێنانی مووچەی مانگی 12 لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق پڕ نەكراوەتەوە، ئەگەر ساڵی داراییش كۆتایی هاتبێت دەبێت مووچەی مانگی 12 خەرج بكرێت.
ئیخڵاس دلێمی جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، میكانیزمێك لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی 12 دەبێت، ئەگەر ساڵی داراییش كۆتایی هاتبێت، پێویستە مووچە خەرج بكرێت.
دووپاتی كردەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، تەنیا 400 ملیار دیناری بۆ مووچە مانگی 12، بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، ئەمەش كورتهێنانی بە بڕی زیاتر لە 500 ملیار دیناری دروست كردووە.
"پێویستە مووچە زامن بكرێت، دادگە باسی ئەوەی نەكردووە زامنی مووچە لە چوارچێوەی بڕگەی قەرەبووكردنەوەی فەرمانبەران بێت، بەڵكو لە چوارچێوەی 20 تریلیۆن دیناری پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەدا". دلێمی وای گوت.
ئەوە لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی گرنگی كرد لە هەولێر، كە تێیدا سێ بڕیار درا و بە گشتی لە ساڵی 2025 دەبێت بەغدا پابەندی ناردنی تەواوی بودجە بێت نەك تەنیا مووچە، بە گوتەی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش كۆدەنگی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەو پرسە هەیە.