بەپێی راگەیەنراوێكی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەم 12ی كانوونی دووەمی 2025، پاڵپشت بە زانیارییە هەواڵگرییەكان، مەفرەزەکانى بەشی ئابووری بە هاوئاهەنگی هۆبەی چاودێریی تەندروستیی كەرخ، دەستیان گرت بەسەر بڕێكی یەكجار گەورە لە گۆشتی ماوەبەسەرچوو.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی كردووە، بڕەكە بە 812 تۆن گۆشتی سوور و سپی دەخەمڵێنرێت و ماوەبەسەرچوو بوون، بەرلەوەی دەرخواردی هاووڵاتییان بدرێت دەستییان بەسەردا گیرا و لە كۆگای یەكێك لە كۆمپانیاكانی ناوچەی رەزوانییە بووە لە بەغدای پایتەخت.
باس لەوەیش كراوە، گۆشتە دەستبەسەرگیراوەكە رادەستی لایەنی پێوەندار كراوە بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی و وەرگرتنی بڕیاری پێویست.
جێگەی ئاماژەیە، خواردنی گۆشتی ماوەبەسەرچوو دەبێتە هۆی ژەهراویبوون بە خۆراك، و تووشبوون بە چەندان بەكتریای مەترسیداری كۆئەندامی هەرس، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی ژەهرەكان لەناو لەشی مرۆڤدا.