دارایی عێراق ددانی نا بەوەی مووچەی بە ئەنقەست دوا خستووە

:: PM:08:54:12/01/2025 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی فیدراڵ، ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە بۆ سەرلێشێواندنی رای گشتی و مووچەخۆرانی هەرێم، لە داڕشتنەكەیدا لەبری ئەوەی بڵێت مووچەی 12 مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانمان ناردووە، بە داڕشتنێكی تر دەڵێ: ئەوەی تەرخان كراوە بۆ مووچەی هەرێم لە خشتەی بودجەدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێم نێرداوە، بەپێی ئەوەی لە خشتەی "هــ" لە چوارچێوەی تەرخانكراوی ناو یاسای بودجەدا هاتووە. 

بەڵام لە راگەیەنراوەكەدا بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی بەوە نەداوە كە تەواوی پارە تەرخانكراوەكە بەشی مووچەی 10 مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی كردووە، لەوێشەوە ددانی بەوەدا ناوە كە مووچەی مووچەخۆران بە ئەنقسەت دواخراوە لەلایەن وەزارەتەكەیانەوە، ئەمەیش بەبیانووی ئەوەی "تەوتین" نەكراوە، لە كاتێكدا لە تەمووزی ساڵی رابردوودا دادگای فیدراڵ ئەوەی یەكلا كردەوە كە گشت بانكە رێگەپێدراوەكان لە چوارچێوەی هەژماری مندا دەتوانن "تەوتین" بکەن کە بانكی ناوەندی مۆڵەتی پێداون. 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 12ی كانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكات پارەی مووچەی مانگانە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم چەندە، تەنیا ئاماژەی بەوە كردووە كە پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بریتی بووە لە 11 ترلیۆن و 561 ملیار دینار. 

دوێنێ "وشە" لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بڵاوی كردەوە، لەو 11 ترلیۆن دینارە، نۆ ترلیۆن و 556 ملیاری بۆ مووچەی فەرمانبەران بووە، دوو ترلیۆن و 20 ملیار دیناریش بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی و خانەنشینی و كاروباری كۆمەڵایەتی. 

بەڵام لە تەواوی ئەم بڕانەدا، ئەوەی لەمساڵدا بۆ هەرێم نێرداوە تەنیا 10 ترلیۆن و 758 ملیار دینارە كە لەم بڕەیشدا بەغدا 726 ملیار دیناری بۆ خانەنشینی و باجی مووچە لێ بڕیوە و ئەوەی بە فیعلی بۆ هەرێم هاتووە، تەنیا 10 ترلیۆن و 26 ملیار دینارە كە ئەم بڕەیش تەنیا بەشی 10 مانگی مووچەی كردووە. 

ئەم بڕە پارەیە تەنیا بەشی مووچەی 10 مانگی كردووە و هەرێم بە داهاتی ناوخۆ مووچەی مانگى 11ی داوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی لیستەکانی مووچە کە لای هەردوو حکوومەت هەیە و دیوانی چاودێریی دارایی وردبینی کردووە، کوردستان بۆ مووچەی مانگێك پێویستی بە 999 ملیار دینارە. 

هەرچەندە هیچ مانگێك لە وادەی خۆیدا بەغدا پابەندی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نەبووە، بەڵام لە راگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە كاتی خۆیدا مووچەكانی ناردووە بۆ هەرێم، هەر لە بەشێکی تریشدا خۆی ئاشكرای دەكات كە مووچەی دواخستووە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە هەرێم پابەندی تەوتین نەبووە. ئەمە لە كاتێكدایە لە سێی تەمووزی ساڵی رابردوو، دادگای فیدراڵ بە نووسراوێك كە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی ناردبوو، ئەو کێشەیەی یەكلا كردەوە، بەوەی هەموو بانكە رێگەپێدراوەكانی مۆڵەتدار لای بانكی ناوەندی، دەتوانن لە پڕۆسەی "تەوتین" بەشدار ببن، لەم سۆنگەیەشەوە حكوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من"دا پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ بووە و لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا بەردەوام بووە لە "تەوتین"ی مووچەی فەرمانبەران.

جێگەی باسە لە ساڵی 2023شدا پابەندی خۆی بەرانبەر هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجە بەجێ نەهێنا و جگە لە پارەی وەبەرهێنان و خەرجییە گشتییەكان، تەنیا لە پارەی مووچەدا سێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی نەنارد و تا ئێستەیش مووچەیەكی 2024ی چارەنووسی نادیارە.


وشە - پۆڵا مەحموود