حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەپێی مادەی 140 دەبێت پڕۆسەی ریفراندۆم لە كەركووك و ناوچەجێناكۆكان ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێستە حكوومەتی عێراق تاكلایەنە ئامادەكاری دەكات ، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی مادەی 140، داواکاری ڕەوای ئەم ناوچانە دەکات.
ئەمشەو يەكشەم 12ی كانوونی دووەمی 2025، لە راگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بەپێی مادەی 140 دەستووری عێراقی فیدڕال بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکوومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.
لە راگەیەنراوەكەی حكوومەتی هەرێم زیاترهاتووە، چ پێش ئەم ڕێکەوتە، چ لەو بیست ساڵەی ڕابردوودا، سەرجەم حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە.
حكوومەتی هەرێم ئاشكرای كردووە كە ئێستە حکوومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی مادەی 140، داواکاری ڕەوای ئەم ناوچانە دەکات.
روونكراوەتەوە كە بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115 ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی رەها و تاکلایانە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت وگازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوە ببات.
ئاماژەیش كراوە كە هەروەها مادەی 112، ئاماژە دەدات حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت وگازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەی هەن.
حكوومەتی هەرێم دووپاتی كردووەتەوە كە هەروەها بەغدا پابەند کراوە لە گەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) رێکبکەوێت.
زیاتر هاتووە، حکوومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم رێکەوتنانە بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵی بەبەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریەکانی خۆی دزیوەتەوە. هاوكات ئاماژەیشی كردووە كە ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت وگاز واژوو بکات بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بەگشتی وبەتایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی حكوومەتی هەرێمدا هاتووە، حکوومەتی هەرێم بە مافی دەستووری خۆی دەزانێت، بە هەموو ڕێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێ ، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافەدەستوریەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک.