ڕۆژنامەیەكی ئێرانی ئاشكرای دەكات، عێراق گرنگترین بۆڕیی هەناسەدانی ئێرانە لە سەردەمی گەمارۆكان، ئەمەریكاش دەیەوێت لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا ئەو هەناسەیەش ببڕێت.
فرود عەسكەری بەرپرسی گومرگی ئێران بە ڕۆژنامەی كار و كارگەری رای گەیاند، عێراق وەك گەورەترین بازاڕی هەناردەكردنی ئێران لە ناوچەكەدا، ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە ئابووریی تاراندا.
بەپێی ڕۆژنامەكە، لە ساڵی 2024دا هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ عێراق گەیشتە نزیكەی 10 ملیار دۆلار. ئێران و عێراق ئامانجی بازرگانیی ساڵانە بە بڕی 20 ملیار دۆلار پێڕەو دەكەن.
هەروەها ڕۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، زیاتر لە دوو هەزار و 200 جۆر كاڵای ئێرانی هەناردەی عێراق دەكرێت، پەرەپێدانی ژێرخانی بازرگانی و راكێشانی وەبەرهێنان لە پێشینەی كارەكانی هەردوو وڵاتن.
واشنتن پۆست لەمبارەیەوە و لە راپۆرتێكیدا رای گەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بە فشارەكانی بۆ سەر عێراق، هەناسەی ئابووری ئێران ببڕێت.
رۆژنامەكە دەڵێت: ئەمەریكا دەزانێت ئەگەر فشار لە عێراق نەكرێت، ئەوە سزاكان هیچ كاریگەرییان نابێت، بۆیە بەتەواوی لە سەردەمی ترەمپدا دەست دەخاتە قوڕگی ئێران و هەموو هەناسەیەكی دەبڕێت.