"كاهووی زێڕین" كۆكەرەوەی هەموو ڤیتامینەكان

:: PM:02:32:13/01/2025 ‌
لە ڕووی تەندروستییەوە سەوزەكان بەهەموو جۆرەكانیانەوە بە سوود و گرنگن و لە ناویاندا "كاهوو- خاس"، بەمدواییە زانایانی بواری خۆراك لە ئیسپانیا رایان گەیاندووە، لە بەرهەمهێنانی كاهوویەكی ناوازە سەركەوتنیان بەدەست هێناوە كە هەموو جۆرە ڤیتامینەكان لەخۆ دەگرێت، بۆیە ناویان لێ ناوە "كاهووی زێڕین".

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 13ی كانوونی دووەم، هەواڵەكەی لە پێگەی "نیو ئەتڵەس" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، زانایان لە ئیسپانیا لە بەرهەمهێنانی كاهوویەكی نوێ سەركەوتوو بوون و ناویان لێ ناوە "كاهووی زێڕین". وەك دەڵێن ئەو جۆرە كاهووە زۆربەی ڤیتامینەكانی تێدایە و بۆ تەندروستی زۆر بەسوودە.

باس لەوە دەكەن كە ئەو كاهووە وەك كاهووەكانی تر نییە، لەڕووی نرخیشەوە گرانترە، بۆیە زیاتر لە لەفە دەكرێت و لە هەندێك خواردەمەنی بەكار دەهێنرێت، ئەویش بەهۆی توخمە خۆراكییەكانی كە بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆرباشە و زۆربەی ڤیتامینەكانی تێدایە.

تیمێك لە پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی بایۆلۆجیا و رووەكی IBMCP، بەمدواییە كاریان لەسەر كاهوو كرد تا كاهووی زێڕینی لێ بەرهەم بێنن، ئەوەیش وا دەكات ئەو سەوزەیە لەڕووی ڤیتامینەكانەوە جێگەی چەندان سەوزەی تریش بگرێتەوە.

ئاماژە بەوە دراوە، زانایان ئاستی دژە ئۆكسیدیان زیاتر كردووە كە پێی دەگوترێ "بیتا كارۆتین"، وا دەكات ڤیتامینی "ئەی" بۆ جەستە زیاد بكات، ئەویش بۆ هەستی بینین زۆرباشە و بەرگریی جەستە چالاكتر دەكات و گەشە بە شانەكان دەكات، دواتریش سوودی بۆ ئەلزەهایمەر و نەخۆشییەكانی دڵ و چەند نەخۆشییەكی تریش هەیە.

باس لەوە كراوە كە "بیتا كارۆتین" لە زۆر میوە و رووەكدا هەیە وەك گێزەر، كاڵەك و پەتاتەی شیرین، رەنگی پەرتەقاڵیش تێیدا هاوشێوەی سەوزەكانی ترە، بۆیە ئەو كاهووە نوێیەش لەو هاوشێوەیەی سەوزەكان دوور نییە. "بیتا كارۆتین" رۆڵی هەیە لە رەنگڕێژیی سەوزەكان بۆ پرتەقاڵی، بەڵام بۆ ئەو كاهووە نوێیە، رەنگەكەی بۆ رەنگی زەرد دەگۆڕێت، بۆیە ناوی "كاهووی زێڕین"یان لێ ناوە.

دواتریش ئاماژە بەوە دراوە كە "بیتا كارۆتین" لە گەڵاكانی كاهووی زێڕین، 30 بارتەقای كاهووی ئاسایی زیاترە كە مادەكانی دژە ئۆكسیدی تێدایە، واتە وا دەكات ئەركی هەرس ئاسانتر بكات بەوەی خۆراك ئاسانتر فڕێ بدرێتە دەرەوە.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د