شارەزایان باس لەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراق لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە بەئامانج گیراوە و دەیانەوێ هەر بڕیارێك دژی كورد بێت لە دادگاكە بڕیاری لەسەر بدەن، كەچی بۆ بەرژەوەندیی هەرێم و خەڵكەكەی دادگاكە هیچ بڕیارێكی نییە، ئەگەریش هەبێت جێبەجێ نەكراوە، دووپاتی دەكەنەوە كە حكوومەتی هەرێم دەستورییە و بەغدا ناتوانێت بە بڕیارە سیاسییەكانی كاریگەری بكاتە سەر پێگەی هەرێمی كوردستان.
لەوبارەوە خەدیجە عومەر شارەزای یاسا و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، دادگای فیدراڵی دەستووری نییە، واتە لەسەر بنەمای دەستوور پێك نەهاتووە و ئەگەر دەستووری بوایە، بڕیارەكانی كە لە بەرژەوەندیی هەرێمن جێبەجێ دەكران، لە لایەكی ترەوە كاتێك عێراق خەریك بوو بەرەو لەنگەری ئارامی و سەقامگیری دەڕۆیشت و كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق بەرەو چارەسەر و ئاساییبوونەوە هەنگاویان دەنا، دادگاكە چەندان بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان دەركرد بەتایبەت لە ساڵانی 2023 و 2024، كە ئەوەش دەرهاویشتەی ئەو ئاڵەنگارییانەیە كە ئەو دادگایە كاراكتەرێكە بۆ قورسكردن یان تەشەنەدان بەو كێشانەی لە عێراق دروست دەبێت، بۆیە ئەو دادگایە دژی كورد و هەندێكجاریش دژی پێكهاتە و لایەنی تر هەڵدەسوڕێنرێت و بەكار دەهێنرێت.
روونی كردەوە، ئەگەر بمانەوێ عێراق سەقامگیر بێت و لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان پێك بێت، ئەوە دادگاكە زۆر جیاوازتر بڕیار دەدات، بەڵام ئێستە بە پێچەوانەوە كار دەكات و هەموو هەنگاوەكانی بەو ئاراستەیەن كە بەرەو ناسەقامگیریی بەردەوام و گرژی دروستكردن و بڕیاری دژ و خراپ، بە تایبەتی دژی هەرێم، هەنگاو دەنێت، وەك ئەوە وایە كە ئەو دادگایە كاری ئەوە بێت رێگە بە هێمنی نەدات، بڕیارەكانی دواییشی درێژەپێدەری ئەو سیاسەتەیە كە هەیەتی، بۆیە دادگاكە شوێنێكە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندا و بەرژەوەندەییەكانی دەرەوە، دەبێت هەمووان ئەوە بزانن كە هەرێمی كوردستان دەستورییە و دادگاكەش ئەو كارانەی دەیكات نادەستوورین و پێچەوانەن، دەسەڵاتدارانی بەغداش بەهەمان شێوە دژایەتیی هەرێم دەكەن، گەلەكۆمەیەك بەرانبەر كورد هەیە.
لای خۆیەوە محەمەد عادل چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی كوت، ئەو دادگایە هەر خۆی بە نادەستووری لەدایك بووە و نایاساییە، دادگایەكیش بە نادەستووری لەدایك بووبێت هەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەكرێت كە بڕیاری نادەستووری بدات، پێشتر چەندان بڕیاری دژی كوردستان دەركرد كە هیچی دەستووری نەبوون، بۆیە دادگاكە متمانەی نەماوە و پێویستە بگەڕێتەوە بۆ سەر كاری راستی خۆی، بەرنامەیەكی تایبەتییان هەیە زۆربەی بڕیارەكانی ئەو دادگایە سیاسی بوون وەك لەوەی یاسایی بن.
ئەو باسی لەوەش كرد، روونە بەغدا راگەیاندنی دژایەتیی خۆی بۆ هەرێم نیشان داوە، بەڵام هێشتا كەسانێك هەن ئەوە نابینن، یان نایانەوێ بەو راستییە بزانن و ددانی پێدا بنێن، حكوومەتی هەرێم چەندانجار ئاماژەی بەوە كردووە كە بەغدا هی ئەوە نییە پشتی پێ ببەسترێت، هەر ئەوەندەی بەغدا بۆ خەڵكی خۆی باش بوو، مانای ئەوە نییە بۆ هەرێمی كوردستانیش هەمان شت دەبێت.
عەلی ئەنوەر رۆشنبیرێكی سلێمانییە لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بە "وشە"ی گوت، هەرچی بڕیاری ئەو دادگایە هەیە لە ماوەی ساڵانی رابردووەوە تا ئێستەش، دژی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و شەقامی عێراقی بووە، لەبری ئەوەی ئەو دادگایە بەشێك بێت لە چارەسەری و گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری و ئارامی و خۆشی بۆ عێراقییەكان، بووە بە بەشێك لە كێشەكان بۆ ئەو حكوومەتانەی لە عێراق پێك هێنراون، دادگایەك لە ماوەیەكی كەمدا بڕیاری خۆی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران گۆڕی، بەوەش دەركەوت دادگاكە ئەوەندەی سیاسی كار دەكات و بڕیار دەدات ئەوەندە یاسایی نایكات.
وشە/ هۆشیار عەلی