كەسانێك هەن بەدەست زۆر بیركردنەوە و سیناریۆكانی ناو مێشكیان و رارایی لەگەڵ هاتنەپێشەوەی هەر بابەتێك دەناڵێنن، بەتایبەتی شەوانە كە سەر دەخەنە سەر سەرین بۆ خەوتن، مێشكی ئەوان دەبێتە ستاندی شانۆگەرییەكی بێ كۆتایی و شەكەتكار، لەوكاتەی رووناكیی ژوورەكە دەكوژێتەوە، ململانێ لەناو مێشك و بیركردنەوەیان دەست پێ دەكات، چارەسەر چییە؟
ئەو دۆخە لە سایەی نەبوونی ئاماژەی بینین و دەنگییەوە سەر هەڵدەدات، كە پێویستن بۆ كاركردنی مێشك، زۆرێك بەو هۆیەوە لە سەرەتای چوونیان بۆ نوستن یان لە ناوەڕاستەكەی تووشی خەوزڕان دەبن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو حاڵەتە پێویستە سەرەتا مانای خەوزڕان بزانین، كە شەش كەس لە كۆی 10 كەس جاروبار تووشی دەبن و یەكێكیان ماوەی چەند مانگ و ساڵ بەدەستییەوە دەناڵێنێت، خەوزڕان واتە رەوینەوەی خەو و زەحمەتیی چوونە خەو، لە سەرەتای نوستن یان لەناوییەوە روو دەدات و ئەو كەسە بە رۆژ هەست بە شەكەتی و خراپیی میزاج دەكات.
زۆرجار
خەوزڕان بەهۆی نادروستیی پێوەندی لە نێوان جێگەی نوستن و چالاكییەكانی ترەوە دروست دەبێت، بەشێوەیەك جێگەی نوستن لەبری شوێنی حەسانەوە دەبێتە شوێنی جموجۆڵ و چالاكی، بۆیە بۆ چارەسەركردنی ئەو حاڵەتە، دەبێت ئەوە كەسە فێری ئەوە بێت كە شوێنی نوستن تەنیا بۆ نوستنە و ئەوراستییە لە مێشكی ئەوەدا جێگیر بێت.
واتە تۆ دەتوانی شوێنی نوستن تەنیا بۆ نوستن و سەرجێیی بەكاربێنیت، نەچی بۆ سەر جێگەكەت تا خەوت نەیەت، ئەگەر لە ماوەی 15 خولەك خەوت لێ نەكەوت، شوێنەكە جێبێڵە و بچۆ بۆ ژوورێكی تر و شتی تر بكە، رۆژانە لە هەمان كات لەخەو هەستە و سەرخەوی درێژی رۆژانەت نەبێت، بیر لە شتی ئارام بكەوە و هەوڵ بدە شتە خۆشەكانت بیر بێتەوە، رێگەكانی حەسانەوەی ماسولكە و راهێنانەكانی هەناسەدان فێر بە و بەر لە خەوتن گوێ بۆ میوزیكی هێمن بگرە و بە رۆژ كاتێك بۆ بیركردنەوە لە شتی نیگەرانكار تەرخان بكە و بیاننووسەوە.