دڵ ئەو ئەندامەی لەشە كە خوێن بۆ هەموو ئەندامەكانیتر پاڵ دەنێت، وەك ترومپایەكی سروشتی كار دەكات و كە دەست بە لێدان دەكات ژیان دەست پێ دەكات و بە وەستانی دەوەستێت، تووشی چەندان كێشە دەبێتەوە لەوانە لە زمانەكانی، پزیشكێكی میسری توانی داهێنانێكی گەورە لەو بوارەدا بكات و دیارییەكی گەورە پێشكەش بە مرۆڤایەتی بكات.
ماوەیەكە قسە و باسی میدیاكان لەسەر ئەو زمانە كە د. مەجدی یەعقووب پزیشكی نەشتەرگەریی دڵ باسی پەرەپێدانی دەكات، چاندنی پێویست بە شەقكردنی سینگ ناكات و تەنیا لە رێگەی قەستەرەوە دادەنرێت، ئەو سروشتییە و لەگەڵ تەمەنی مرۆڤ بەردەوام دەبێت و پێویست بە نەشتەرگەریی تر ناكات.
ئەو پزیشكە خۆی وا وەسفی داهێنانەكە دەكات كە دیارییەكی گەورەیە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، دووپاتی كردەوە زمانەكە دوای چاندنی بە شێوەیەكی سروشتی گەشە دەكات و تا كۆتایی ژیان بەردەوام دەبێت و كار دەكات، بەهۆی بچووكیی قەبارەكەشیەوە پێویست بە نەشتەرگەریی كردنەوەی سینگ ناكات و تەنیا بە قەستەرە دادەنرێت.
ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات زمانەكە لە تاقیكردنەوەكان لەسەر ئاژەڵ سەركەوتنی باشی هەبووە، سوود لە خانەكانی لەش وەرگیراوە وەك بەشێك لە پێكهاتەی زمانەكە، بۆیە وەك زمانێكی زیندوو كار دەكات، دوای ساڵێك و نیوی تر لەسەر مرۆڤ تاقی دەكرێتەوە و دوای وەرگرتنی رەزامەندی لایەنە پزیشكییە جیهانییەكان، دوای سێ ساڵی تر دەخرێتە روو بۆ بەكارهێنان و لە كارگەكان لە ئینگلتەرا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و میسر دروست دەكرێت.
وەك ئاماژە دەكات، ئەو مادەی زمانەكەی لێ دروست دەكرێت "بی سی ئێڵ"ە و بەئاسانی لەناو دڵ دادەنرێت و لە هەموو زمانەكانی ئێستە هەن باشتر كار دەكات، ئەو منداڵانەی كێشەی زگمكاكییان هەیە لەگەڵیاندا گەشە دەكات و پێویست ناكات چەند جارێك نەشتەرگەرییان بۆ بكرێتەوە.