ئێران بەنیازە چۆن دەست بخاتەوە ناو دۆخی سووریا؟

:: PM:07:47:14/01/2025 ‌

زۆرینەی شارەزا و چاودێران رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیان لە سووریا بە گەورەترین گورز لە ئێران و بەرەی بەرگریكاری دانا، كە لە ماوەیەكی كورت رەنجی چەندان ساڵی تاران لە سووریا بەبا چوو، دوای رووخانەكە بەرپرسانی ئێران خۆیان پێ نەگیرا و رایان گەیاند كە نابێت دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە تا سەر دڵی خۆش بێت، چونكە بەرگریكاری سەر هەڵدەداتەوە، چەند شارەزایەك رووناكی دەخەنە سەر شێوازی دەستوەردانەوەی تاران لە كاروباری سووریای نوێ.

تا ئێستە وێنەی راستەقینەی سووریا نوێ روون نییە، ئاخۆ یاریكەرە نێودەوڵەتییە نوێیەكان، دوای رێككەوتنیان لەسەر وەدەرنانی رووسیا و ئێران تووشی ناكۆكی لە نێوانیان بەهۆی جیاوازیی بەرژەوەندی و ئەجینداكانیان نابنەوە، بەتایبەتی ئەمەریكا و توركیا و ئیسرائیل و سعوودیە و ئیمارات و قەتەر، بەتایبەتی لە نێوان ئەنقەرە و ریاز، كە پێویستە دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە خۆی لەو نێوانەدا یەكلا بكاتەوە، ئەگینا ناتوانێت سووریا وەك دەوڵەتێكی بەهێز بنیات بنێتەوە. 

ئێستە ئێران جیا لە سەرقاڵی بە دۆخی ناوخۆیی و هاتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات لە كۆشكی سپی، گرەو لەسەر كات دەكات بۆ سەرهەڵدانی ناكۆكی لە نێوان توركیا و سعوودیە و قەتەر و ئەمەریكا و ئیسرائیل لە سووریا، جیا لە سەرهەڵدانی ناكۆكیی ناوخۆیی لە نێوان دەسەڵاتی نوێ لەگەڵ هەریەك لە پاشماوەی رژێمی بەشار ئەسەد و عەلەوییەكان و درووز و كورد و كریستیانەكان، چونكە پێی وایە زەحمەتە ئیسرائیل و رۆژئاوا متمانە بە چەند گرووپێكی توندڕۆی پاشماوەی قاعیدە بكەن.

بەم دواییە چەند راپۆرتێك ئاماژەیان بۆ بوونی رێككەوتنێكی نهێنی لە نێوان ئێران و داعش لە سووریا كردووە، واتە داعش لە بری میلیشیاكان ببێتە باڵی سەربازیی ئێران لە سووریا، ئەوەی پاڵپشتیی لەو بیرۆكەیەش كرد میلیشیا شیعەكان بەر لە كشانەوەیان لە سووریا تەواوی چەكەكانیان بۆ داعش جێهێشت.

د. حوسێن ئەبو وەردە مامۆستای زانستە سیاسییەكان دەڵێت، بەم دواییە لە ئێران زنجیرە لێدوانێك سەبارەت بە دۆخی سووریا هەبوو، باسی ئەوەیان دەكرد كە دۆخی نوێ لە سووریا بەو شێوەیە بەردەوام نابێت، بەڵكو ئەو وڵاتە كەوتوووەتە تاقیكردنەوەیەكی قورس بەهۆی جموجۆڵی گرووپە تیرۆریستییەكان، بۆیە دیپلۆماسیەتی ئێران بابەتی داعش و تیرۆری كردووەتە ناونیشانێكی سەرەكی لە دەربڕینی بۆچوونی سەبارەت بە سووریای نوێ، تەنانەت عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران ئەویش پێشبینیی دەركەوتنی چەند گرووپێكی نەیاری بۆ دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە كردووە.  

ئەو مامۆستایە دووپاتی دەكاتەوە ئەو لێدوانانەی ئێران وای كردووە بوونی پێوەندی لە نێوان تاران و داعش ببێتە مایەی وریاكردنەوە، لای خۆیەوە یاسین دویش پسپۆڕ لە بواری بزاوە ئاینییەكان دەڵێت، بابەتی بوونی پێوەندی لە نێوان ئێران و رێكخراوە تیرۆریستییەكان نوێ نییە و تەنیا لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكاندا باسی نەكراوە، بەر لە چەند رۆژێك وەزیری دەرەوەی توركیا سكاڵای كرد و رای گەیاند كە وڵاتەكەی پێشبینی دەكات ئێران لە پاڵپشتیكردن و دیداری بەرپرسەكانی تیرۆر بوەستێت.

روونی كردەوە، ئەو قسەی لەبارەی بوونی رێككەوتنی نهێنی لە نێوان تاران و داعش لە سووریا دەكرێت لە دوای مێژووێكی دوورودرێژە لە بوونی پێوەندی لە نێوان ئێران و رێكخراوی قاعیدە، لەوانە ئوسامە بن لادن دامەزرێنەری رێكخراوەكە لە وتارێكی لە 2007 گوتی، ئێران بۆ رێكخراوەكەی وەك شادەماری پاڵپشتی و شەڕوان و پێوەندییەكانە.

دویش دووپاتی كردەوە كە ئێران شێوەی دەركردنی لە سووریای لەبیر نەكردووە، بۆیە لەگەڵ سووربوونی بۆ گەڕانەوە بۆ سووریا دەتوانێت دۆخێكی لاوازبوونی دەسەڵاتی نوێی سووریا برەخسێنێت لە رێگەی چەند لایەنێكی ناوخۆیی وا لە رژێمی نوێی دیمەشق بكات پەنا بۆ تاران ببات بۆ تێپەڕكردنی ئەو قۆناغە كاتییە تا بەدەستهێنانی شەرعیەتی نێودەوڵەتی و دداننان پێی، بۆ ئەوەش ئەگەری هەیە پشت بە داعش ببەستێت و داوای لێ بكات كاری توندوتیژیی چەكداری، لەوانە هێرشكردنە سەر گرتووخانەكانی ژمارەیەكی زۆری گیراوانی تیرۆریستییان تیادایە ئەنجام بدات، بەو ئامانجەی دۆخەكە بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ سووریا بڕەخسێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل