بەریتانیا سێ‌ قاچاخچیی لە سلێمانی گرت

:: AM:08:49:15/01/2025 ‌
بە هاوكاریی بەریتانیا، سێ كەس لە شاری سلێمانی بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گواستنەوەی كۆچبەران بۆ ئەوروپا و بەریتانیا گیران.

تۆڕی هەواڵی بی بی سی لە زاری دەزگای نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەوە بڵاوی كردووەتەوە، بە هاوكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، سَی قاچاخچی گیران، هەرسێ كەسەكە لە شاری سلێمانی لە نێوان هەشت بۆ 12ـی ئەم مانگە گیراون، ئێستە بە تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە دەستبەسەر كراون و لێپێچینەوەیان لێ دەكرێت.

ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەوە یەكەم ئۆپراسیۆنی لەو جۆرەیە كە دەزگای نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان، بەهاوكاریی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەنجامیان داوە.

گومان دەكرێت ئەو گرووپەی گیراون پێوەندییان بە هەمان تۆڕی قاچاخچێتییەكەی ئامانج حەسەن زادەوە هەبێت، ئەو كەسەی ساڵی رابردوو بەهۆی رۆڵی لە گواستنەوەی كۆچبەران بە بەلەمی بچووك لە رێگەی كەنداوی ئینگلیزەوە گیرا و بە 17 ساڵ زیندانیكردن سزا درا.

میدیای بەریتانیا دەڵێت، یەكێك لە گیراوەكان پیاوێكی 38 ساڵە، تۆمەتبارە بە كاركردن لەگەڵ تۆڕی قاچاخچێتی بۆ گواستنەوەی كۆچبەران بۆ یۆنان و ئیتاڵیا لە رێگەی یەختەوە.

گیراوی دووەم، خاوەنی كۆمپانیایەكی حەواڵەیە و لە چلەكانی تەمەنیدایە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی بەناو زادەوە.

كەسی سێیەم لە سییەكانی تەمەنیدایە، وەك ناوەندگیرێك لەناو ئەو گرووپەدا كاری كردووە بۆ كۆكردنەوەی كۆچبەران بە مەبەستی گواستنەوەیان لەلایەن تۆڕەكەوە.


وشە - رامیار جەواد