ئیسرائیل هێرشی كردە سەر كاروانێكی سەربازی دەستەی تەحریر شام، بەپێی هەواڵی روانگەی سووری، دوو چەكدار كوژراون و یەكێكیش بریندار بووە، هاوكات سەرۆك كۆماری توركیا رای گەیاند، پێویستە بەزووترین كات ئیسرائیل لە خاكی سووریا بكشێتەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رای گەیاند، درۆنێكی ئیسرائیلی هێرشی كردووەتە سەر كاروانێكی دەستەی تەحریر شام.
روانگەكە راشی گەیاندووە، لە ئەنجامی بۆردمانی كاروانەكەی تەحریر شام لەلایەن ئیسرائیلەوە، دوو ئەندامی بەشی ئۆپراسیۆنی سەربازی كوژراون و یەكێكی تریشیان بریندار بووە.
هاوكات سەرۆك كۆماری توركیا هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل بە زووترین كات هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە و دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل ئەوە نەكات، دەرئەنجامی نەخوازراو بۆ هەموو لایەك دێتە ئاراوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: بوونی پارتی بەعس لە دەسەڵات لە سووریا بۆ ماوەی زیاتر لە 60 ساڵ، بووەتە هۆی ئەوەی كە ڕژێمی ئەسەد ڕێگە بە تاقمە تیرۆریستییەكان بدات لەم وڵاتەدا بوونیان فراوانتر بێت.
سوپای ئیسرائیل ڕای گەیاندووە كە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی لە ناوچەی پارێزراو لە دیوی سنووری سووریا، ڕێكارێكی بەرگری و كاتییە كە لە دۆخی ئێستەی سووریادا لەبەرچاو گیراوە و پێویستە، بەڵام دیار نییە ئەم ڕێوشوێنە كاتییە تا چەند بەردەوام دەبێت، ئەكتەرە ناوچەییەكان ترسیان لە پلانە درێژخایەنەكانی ئیسرائیل هەیە بۆ نیشتەجێكردنی دانیشتووانی نوێ لەو ناوچەیە.
لەلایەكی ترەوە ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە كە توركیاش هێزەكانی خۆی لە باكوری سووریا جێگیر كردووە و هەڕەشەی گرتنەبەری هەنگاوی سەربازیی زیاتر دەكات.