رووداوێكی كۆمەڵایەتیی سەیروسەمەرە لە میسردا رووی داوە كە كوڕێك لە یەك رۆژدا سێ بووكی گواستووەتەوە. سەیرەكە زیاتر لەوەدایە كە زاوا دەڵێ، هەرسێ بووكەكەی بە پێوەندیی خۆشەویستی هێناوە و لەگەڵ هەرسێكیشیان لەسەر ئاهەنگەكەیان پێكەوە رێككەوتووە.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی كانوونی دووەم، وێنەی ئاهەنگی ئەو زاوایەی لەگەڵ بووكەكانی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، زاواكە ناوی محەمەد و خەڵكی پارێزگای فەیوومی میسرە، بووكەكانیش ناویان "ئەسما و بووسی و ئەمیرە"یە و لە ئاهەنگەكەیاندا هەرسێ بووكەكە لەگەڵ زاواكەیان سەما دەكەن و خۆشی لە ئاهەنگەكە دەبینن. ئەوەیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە.
محەمەدی زاوا لەبارەی پێوەندیی خۆشەویستی و هاوسەرگیرییەكەیەوە لەگەڵ سێ بووك پێكەوە گوتی، هەرسێكیانی خۆشویستووە و داوای كردووە هەرسێكیان پێكەوە بخوازێت، ئەوانیش بەو داواكارییە رازی بوون. محەمەد دووپاتی كردەوە، لە سەرەتادا "ئەمیرە"ی خۆشویستووە كە دراوسێیان بووە و یەكەمین خۆشەویستی بووە، دواتر "بووسی"ی ناسیوە و خۆشی ویستووە، "ئەسما"یش دوا خۆشەویستی ئەو بووە.
سابرین خاوەنی ئەو ئارایشتگەیەیە كە بووكەكانی رازاندووەتەوە و ئەو بە سەرسامییەوە باسی ئەو هاوسەرگیرییەی كردووە و گوتی، رۆژێك محەمەدی زاوا هاتە لام و رۆژێكی دەستنیشان كرد بۆ رازاندنەوەی بووكەكەی، كەچی لە دوای هەفتەیەك دیسان هاتەوە و هەمان رۆژی بۆ دوو بووكی تر دەستنیشان كرد و بوونە سێ بووك، بۆیە بەلامەوە سەیر بوو كە گوتی هەرسێ بووكەكە بۆ خۆمن.
سابرین زیاتر گوتی كاتێك بووكەكان لە رۆژی دەستنیشانكراودا بۆ ئارایشت هاتن، قسەم لەگەڵیاندا كرد و دەركەوت هەرسێكیان هاوڕێی یەكترن. دووپاتیان كردەوە كە محەمەدیان خۆش دەوێ و بەلایانەوە ئاساییە هەرسێكیان هاوسەرگیریی لەگەڵ بكەن و گواستنەوەكەیشیان لە یەك رۆژدا بێت.
دواتریش سابرین گوتی محەمەد نایەوێ قسە لەسەر ئەو رووداوە بكات و بە مافی ئازادیی تایبەتی خۆی دەزانێت، بەڵام گوتوویەتی ژیانێكی ئارامی لەگەڵ بووكەكانی دەوێت، دەیەوێ ژیانی دوور بێ لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و قسەی لەسەر بكرێت.