سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی داوە لە ئەگەری دواخستنی ئاگربەست لە غەزە، چونكە حەماس لیستی ناوی ئەو بارمتانەی ئازادیان دەكات، پێشكەش نەكردووە، بەوەش جێبەجێكردنی ئاگربەست دوا دەكەوێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی كانوونی دووەم، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، سەرۆك وەزیران فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل داوە، ئاگربەست سەعات 8:30ی خولەكی بەیانی بە كاتی غەزە جێبەجێ ناكرێت و دوا دەخرێت، چونكە تا ئێستە حەماس لیستی بارمتە ئازادكراوەكانی رادەست نەكردووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، بەمەش ئاگربەست وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە تا ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت.
لەلایەن خۆیەوە حەماس پابەندبوونی خۆی بە مەرجەكانی ئاگربەست دووپات كردووەتەوە و ڕای گەیاندووە، دواكەوتن لە پێدانی ناوی ئەو كەسانەی كە لە قۆناغی یەكەمدا ئازاد دەكرێن، هۆكاری تەكنیكییە.