چیرۆكی ئەوانە زۆرن كە مەرگی ئازیزانیان ژیانی لێ تاڵ كردوون، بەڵام كەمن ئەو هونەرمەندانەی كە هەمان خەم بەرۆكی گرتن كە گۆرانیان بەسەردا هەڵدەڵێت.
باسی هونەرمەند كاروان نووری دەكەین، هونەرمەندێكی دیاری شاری سلێمانییە، لە نەوەتەكانەوە گۆرانییەكانی بە گوێگرانی بە تەواوی ئاشنا بووە، ئەو گۆرانی بۆ عیشق و ونبوونی عیشقەكەی و ئێوارانی شار دەگوت.
بەڵام خەڵكی كوردستان لەم ساڵانەی دوایدا زیاتر خستیانە ناو یادگارییەكانیەوە، كاتێك لە پیرەپیاوێكی شەقامی سەهۆڵەكەی سلێمانییەوە گۆرانییەكانی نوێكرایەوە و بوو بە ترێندی سۆشیال میدیا، پیرە پیاوەكەی سەهۆڵەكە كە سیدی فرۆشە و هەموو شەوان پڕ بە هەستی خۆی گۆرانی "ئای چەندە خۆشم دەوێی نازانم ئێستە لەكوێی" دەگوتەوە، كاروان نووری هێنایەوە ناو مەیدانی هونەر و بە خەڵكی كوردستانیشی گوت، ئەو گۆرانییەتان لە بیرە، ئەوە چڕیویەتى كە كاروان نوورییە.
بە گەڕان بە دوای ئەو گۆرانییەدا لە تۆڕی یوتیووب، هەموو نووسیویانە سڵاو لە پیرە پیاوەكەی سەهۆڵەكە كە ئێمەی خستە سەر ئەو ریتەمەی بە دوای گۆرانییەكەدا بگەڕێین.
كاروان نووری لەگەڵ بینین و گوێ گرتن لە گۆرانییەكانی، تێ دەگەی كە گەنجێكی عاشقی دڵشکاوە و مەغریبان بە تەنیا پیاسەی شەقامەكانی سلێمانی دەكات، بەڵام لە دوێنێ شەوەوە كاتێك هاوسەرەكەی گیانی لەدەست دا، ئیتر كاروان بۆ هەتاهەتایە مەغریبات و هەموو كاتێك خۆی منداڵە نۆ ساڵانەكەی بە تەنیا مایەوە.
"وشە" لە گێڕانەوەی ژیانی ئەو هونەرمەندەدا ئەوە بیر دەخاتەوە كە چیتر كولتووری رق و قینە لەناو خەڵكدا نەمێنێت، لانی كەم ئەو برینەی ساڕێژ ببێت كە بەهۆی كۆمێنتی پڕ لە رق لە رابردوودا بۆی نووسراوە كاتێك وێنەیەكی لەگەڵ خێزانەكەیدا بڵاو كردەوە.
بارزان عەلی حەمە، رۆژنامەنووسە و ئامۆزای كاروان نووریی هونەرمەندە، شەوی ڕابردوو لەگەڵ كۆچی دوایی هاوسەری دووەمی ئەو هونەرمەندە نووسی، "هێشتا مناڵ بوو، دایكی مرد، هەرزەكار بوو، لەسەر پارتیبوون، ئاسایشی یەكێتی گەنجێتییان لە ئینفرادیدا لێ سەند، كاتێك بەریاندا، ژیانی خێزانیی تێكچوو و هاوسەری لێی جیابوویەوە، بە نەهامەتی هاوسەرگیریی كردەوە و خودا كچۆڵەیەكی پێ بەخشی، هێشتا نەكەوتبووە سەر پێ، ئەو كچۆڵەیەشی مرد، لە ستۆری فەیسبووك، گۆرانییە تازەكەی بۆ خێزانەكەی خۆی گوت: "ئای چەنە خۆشم دەوێی، نازانم ئێستە لەكوێی"، هەزاران تۆمەت و درۆیان بۆ هەڵبەست و عەزێتی ڕۆح و ویژدانیان دەدا، ئەو ژنەیشی مرد و كاروان و نەهامەتییەكانی، بۆ هەمیشە و بە تەنیا هەر وەك منداڵیێتی خۆی، بێ دایك منداڵێكی بچووكیشی بۆ بەجێهێشت".
بارزان عەلی حەمە نووسیویەتی، "كاروان نووری هەر گۆرانییەكی خەمبارانەیتان بینی، دەقیقەن ژیانی پڕ لە نەهامەتیی خۆیەتی. ئەگەر ئامۆزام نەبووایە، زۆرترم لەسەر باس دەكرد! بەڵام با هەر لای خۆمان و دڵی خۆیدا بمێنیتەوە".
"حەزدەکەم خێزانەكەم لەگەڵ بوایە"
لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا كاروان نووری نیگەرانە لە خەڵك و دەڵێ، وێنەیەكەم لەگەڵ خێزانەكەم دانا هەزاران قسە و تۆمەتیان بۆ دروست كردین، هونەر ژیانمی لێ سەندوومەتەوە، حەزم دەكرد لە هەموو شوێنێك خێزانەكەم لەگەڵ بوایە، بەڵام نەمدەتوانی.
لە دیمانەیەكی پێشووی لەگەڵ "وشە"دا كاروان نووری ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، بەرهەمی هونەری دەبێت مانای هەبێت، ئێستە هونەرمەند هەیە لە مانگێكدا پێنج سیدی بڵاو دەكاتەوە.
دوا لێدوانی
هونەرمەند كاروان نووری دوای كۆچی دوایی هاوسەری بۆ "وشە" گوتی، تا ئەو ساتەی هاوسەرەكەم گیانی لەدەست دا هیچ كێشەیەكی تەندروستیی نەبووە، بەڵام دوێنی ئێوارە وەك هەموو ئێوارەیەكی خۆش و پڕ قسەی جوان، جەڵتە لێی دا.
ئەو گوتی، ئێستە كوڕێکم هەیە و نۆ ساڵانە، من ئەو گۆرانییەی كە گوتوومە پێشكەشی ئەوم كردووە و ئیتر گۆرانییەكانی خۆم لەسەر خۆم جێبەجێ دەكرێن.
رەنگە ژیانی كاروان نووری لەوە تاڵتر بێت كە بتوانرێ ئاماژەی بۆ بكرێ، بەڵام ئیتر:
كە مەغریب دێ تاكە هاوڕێم شەقامێكە وەك خۆم تەنیا
پیاڵەی شیعر لەیەك ئەدەین، ئەو بۆ گەڵا و من بۆ دەریا
بە تەواوی لەسەر ژیانی داهاتووی خۆی دەبینرێ و وێنای ژیانی خۆی دەكات.