هونەرمەند چۆپی فەتاح نوێترین بەرهەمی بە ناوی "وڵاتەكەم" بڵاو كردەوە، گۆرانییەكە تایبەتە بە ناوچەی ئیلام و كرماشان، باسی دابەشكردنی كوردستان و خۆشەویستیی وڵات دەكات.
چۆپی فەتاح لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، ئاماژەی بە بڵاوكردنەوەی گۆرانییە نوێیەكەی كردووە و رای گەیاندووە، "ڤیدیۆ كلیپی گۆرانیی "وڵاتەكەم" بە زاراوەی شیرینی كەڵهوری گوتراوە، تایبەتە بە ناوچەی ئیلام و كرماشان، گۆرانییەكەش باسی دابەشكردنی كوردستان و خۆشەویستی وڵات دەكات".
بەگوتەی چۆپی بەرهەمەكەی لە نووسینی تارا مستەفایە، میلۆدی و موزیكی لەلایەن ئەمیر جەباریانەوە ئەنجام دراوە، ناسر هایدەری كاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام داوە، وەزیر خالید بەرهەمهێنەر و جێبەجێكردنی كارەكەی كردووە.
چۆپی فەتاح لە ساڵی 1983 لە كەركووك لە دایك بووە، تەمەنی سێ ساڵ بووە بنەماڵەكەی ئەو شارەیان بەجێهێشتووە و لە هۆڵەندا جێگیر بوون، لە ساڵی 2003 یەكەمین ئەلبوومی گۆرانیی خۆی بڵاو كردووەتەوە.