ئادەم پۆلەر نێردراوی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری بارمتەكان پەیامێكی دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەگەیەنێتە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئیلیزابێس تسۆركۆڤ كچە توێژەرە رفێنراوە ئیسرائیلییەكە، كە بەر لە دوو ساڵ لە لایەن میلیشیایەكی شیعەوە لە بەغدا رفێنرا.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی
"وای نێت"ی ئیسرائیلی، نێردراوەكەی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەیەكی ژێر بە ژێری گەیاندووەتە سوودانی لەبارەی تسۆركۆڤەوە، ترەمپ بە سوودانی گوتووە، یان ئەوەتە تۆ ناتوانیت ئازادی بكەیت یان هاوبەشی رفێنەرانی، ئەگەر ئەو كچە نەگەڕێتەوە ماڵەكەی ئەوە تۆ هاوبەشی رفێنەرانی.
بەم دواییە رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"، باسی ئەوەی كرد كە ئیسرائیل داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا كردووە بۆ گوشاركردن لە بەغدا بۆ ئازادكردنی تسۆركۆڤ كە لە 2023 لە بەغدا رفێنرا، بۆیە تەلئەبیب خەریكی گفتوگۆی ناراستەوخۆیە لەگەڵ بەغدا لە رێگەی میانگیرانەوە بۆ ئازادكردنی ئەو كچە كە هاوكات هەڵگری رەگەزنامەی رووسیشە.
بەپێی دوایین زانیارییەكان لەبارەی ئەو كچە توێژەرە رفێنراوە تەمەن 36 ساڵە كە دوو رەگەزنامەی رووسی و ئیسرائیلی هەیە و بۆ توێژینەوەیەك بۆ زانكۆی برینستۆنی ئەمەریكی لە عێراق بووە و لە لایەن كەتیبەكانی حزبوڵاوە رفێنراوە، ئیسرائیل لە رێككەوتنێك بۆ ئازادكردنی و گۆڕینەوەی بە ژمارەیەك لە دیلەكانی حزبوڵای لبنانی نزیك بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی دوایی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رای گەیاند كە تسۆركۆڤ زیندووە و حكوومەتی عێراق كار بۆ ئازادكردنی دەكات.