ئەحمەدی موفتیزادە، ناسراوە بە کاکە ئەحمەدی موفتیزادە لە ساڵی 1933 لە شاری سنە لەدایک بووە و 9ی شوباتی 1993 لە نەخۆشخانەیەکی تاران کۆچی دوایی کردووە، ناسراوە بە کاکە ئەحمەدی موفتیزادە، زانای ئاینى، ئیسلامناس، موجتەھیدی سوننی و شاعیر و چالاکی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو.
لە ماوەی دوو ساڵی سەرەتای ساڵی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا لە كوردستانی باشووردا، لە سلێمانی لای دكتۆر مستەفا زەڵمی و لە بیارە لای مەلا عەبدولكەریمی مودەریس دەخوێنێت و هەر بەمەبەستی فێربوون دەچێتە خانەقین و هەڵەبجە و ماوەیەكیش لە گوندی عەبابەیلێ وانەی خوێندووە.
موفتیزادە یەكێك لە كەسایەتییە ناودارەكانی شاری سنە بووە، ماوەیەكیش حاكمی شەرعی و موفتیی ئەوێ بووە و ماوەیەكی تریش مامۆستای فیقهی شافیعی بووە لە زانكۆی تاران.
لەبەرئەوەی لەلایەن دەزگای هەواڵگری "شا" و "ساواك" ڕێگری لێ دەكرێت، ناچار دەبێت زانكۆی تاران جێ بهێڵێت و ئیتر خۆی یەكلایی دەكاتەوە بۆ كاری سیاسی و دەبێتە بەرپرسی كۆمیتەی تارانی "حزبی دیموكراتی كوردستان"، لە هەمان كاتیشدا لێپرسراوی پێوەندی نێوان حزبی دیموكرات و توركیاش بووە، هەر لەو كاتەدا لەگەڵ ژمارەیەك كوردی نیشتەجێی تارانیشدا ڕۆژنامەی "كوردستان" دەردەكەن.
ساڵی 1964 لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی حزبی دیموكراتدا لەلایەن سیستمی "شا"و "ساواک"ەوە دەگیرێت و لە زیندانی مەترسیدار و پڕ ئەشكەنجەی "ئەوین" بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانی دەکرێت.
شەش مانگی زیندان، دەبێتە وێستگەی وەرچەرخانێكی قووڵ و جەوهەری لە ژیانی ئەحمەدی موفتیزادەدا و گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە بیر و بۆچوونیدا ڕوو دەدات، خۆی ئەمە بە ئەزموونێكی تایبەتی عیرفانی دادەنێ و زوهد و عیرفان و پەروەردە دەبنە بەشێكی گەورەی ژیانی ئەو.
كە دەگەڕێتەوە بۆ سنە، دوای هەوڵێكی زۆر لەگەڵیدا و لەسەر داوای وەزارەتی داد، لە پاش باوكی و حاجی مەلا خالیدی مامی، دەبێتە حاكمی شەرعیی شاری سنە.
دوای ئەوەی كە بڕیار و هەڵوێستەكانی ئەحمەدی موفتیزادە بە دڵی كاربەدەستانی ئێران نەبوو، بۆیە هەست دەكەن كە دووچاری هەڵەیەكی گەورە بوونە و توانای لابردنیشیان نییە، بۆیە موفتیزادە تا كۆتایی تەمەنی ڕژێمی شای ئێرانیش وەكو حاكمی شەرعی مایەوە.
بەرهەمەكان:
لە ئەحمەدی موفتیزادە کۆمەڵێک بەرھەمی نووسراو و تۆمارکراو بەجێ ماوە. نووسراوەکانی بریتین لە کۆمەڵێک کتێب، نامە و چەندان دەفتەری شیعر، پتر لە 300 کاسێتی دەنگ بە زمانی کوردی و فارسی لە بواری تەفسیری قورئان، بیروباوڕ، عیبادەت و فەلسەفەکانی، سیستمە فکرییەکان، ئابووری و سیاسیی ئیسلام و زانستە ئیسلامییەکانی وەک: زانستە قورئانییەکان، پەروەردە و خێزان؛ بە یادگار ماونەتەوە. بەڵام گرنگترین بەرھەمی کاکە ئەحمەدی موفتیزادە، بزاڤێکی دینی جیاوازە لە کوردستان، کە سەرەتا بە ناوی "مەدرەسەی قورئان" و دواتر بە ناوی "مەکتەب قورئان" ناوی دەرکرد، ئێستە خوێندنەوەی جیاواز لە ڕوانگە و بیر و بۆچوونەکانی ئەحمەدی موفتیزادە لەلایەن لایەنگرانی، بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی چەن لقی جیاواز لە مەکتەب قورئان.
کتێبەکان:
• کتێبی دەربارەی کوردستان (بە زمانى فارسی).
• کتێبی حکوومەتی ئیسلامی (بە زمانى فارسی).
• کتێبی دیالەکتیکی ئیسلامی (بە زمانى فارسی).
• کتێبی حیجاب (بە زمانى فارسی).
• نامیلکەی دین و ئینسان (بە زمانى فارسی).
• نامیلکەی فیترەت و ھیدایەت (بە زمانى فارسی).
لە ڕێگای دروستكردنی شوورای مەركەزی سووننە "شەمس" و بە كۆ كردنەوەی ڕابەران و زانایانی دیاری كورد و ئەهلی سوننە لە ئێران لە بەهاری ساڵی 1981، موفتیزادە ویستی بەگژ ئەو هەوڵەدا بچێتەوە كە حكوومەتی ئێران لە ڕێگەی كۆمەڵێك مەلا و كەسی سوننیی سەر بە دەسەڵاتەوە دەیویست شوورایەكی كۆنترۆڵكراو بۆ ئەهلی سووننە دروست بكات، ماف و پرسی نەتەوەكانی ئێران و مافەكانی ئەهلی سووننە، لە ڕاسپاردە و داواكانی كۆنگرەكە بوون و نوێنەرانی هەموو ناوچەكانی ئێران و "مەولەوی عەبدولعەزیز مەلازادە" ڕێبەری سوننەكانی ناوچەی سیستان و بلوچستان و ناسری سوبحانی و دەیان زانای ناوچە جیاوازەكانی ئێران بەشداری كۆنگرەكەیان كرد.
هەر زوو حكوومەتی ئێران، بەشدارانی كۆنگرەكەیان تۆمەتبار كرد بەوەی كە دژی شۆڕش دەوەستن و پیلان دژی دەسەڵات دەگێڕن.
پاش ساڵێكیش لە دامەزراندنی شوورای مەركەزی سوننە "شەمس"، ئەندامانی شوورا و مەكتەب قورئان دەكەونە بەر هەڵمەتی گرتن لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە و خودی موفتیزادەش بەر هەڵمەتەكە دەكەوێت و ماوەی 10 ساڵ و تا دوو مانگ بەر لە كۆچكردنی لە نۆى شوباتى 1993دا، لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكی لەسەر ساغ ببێتەوە.
كۆچی دوایی...
دوای دوو مانگ لە ئازادكردنی بەهۆی ناساغی و نەخۆشیی زۆر و هیلاكی جەستەیی، بەهۆی ئازار و ئەشكەنجەی زیندان و دەرزیلێدان و شكاندنی زۆرێك لە ئێسكەكانی و نزیكبوونەوە لە كوێر بوون، موفتیزادە لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە تاوەكو ساتی كۆچكردنی لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران لە ڕۆژی نۆى شوباتى 1993دا و تەرمەكەی دەگەڕێننەوە بۆ سنە و لە گردی شێخ حەمەباقر بە خاكی دەسپێرن.
لەبارەی موفتیزادە چی دەڵێن؟
ـ سەرۆک مەسعوود بارزانی: "بوونی كەسایەتییەكی ئاینی و نەتەوەیی وەك كاك ئەحمەد بەگشتی بۆ گەلی كورد شانازییەكی گەورەیە".
دكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو: "جارێك لە تاران و جارێكیش لە سنە دیدارم لەگەڵ كاك ئەحمەدی موفتیزادە هەبوو، ئەوەندەی من بزانم كورد پیاوی ئاوا ئازا و دڵسۆزی زۆر كەم بەخۆوە دیوە، جیاوازی نێوانمان تەنیا ئەوە بوو، ئەو لە ڕێگەیەكەوە خزمەت بە گەلی كورد دەكات، ئێمەش لە ڕێگایەكی ترەوە".
ـ فوئاد مستەفا سوڵتانی: "كاك ئەحمەد پیاوێكی گەورە و خۆشەویست بوو، دووبارەبوونەوەی ئەستەمە".
ـ ئایەتوڵا تاڵەقانی كە بیرمەندێكی شیعە و سیاسییەكی بەناوبانگ بوو: "ئەحمەدی موفتیزادە پیاوێكی تێكۆشەر و هەمیشە حەقویست بوو، ئەو كەسایەتییەكی مەزن و تێگەیشتوو بوو".
ـ محەمەد جەواد باهونەر كە یەكێك بوو لە قوتابییەكانی خومەینی و لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت: "من مەلایەكی شیعە بووم، ساڵی 1963 لە بەندیخانە بە دیداری ئاغای موفتیزادە شاد بووم، وەك كەسێكی شیعە لە پشتی ئەوەوە نوێژم كردووە و شانازیشی پێوە دەكەم، ئەو پیاوێكی تێكۆشەر و گەورەتر بوو لە مەزهەبگەرایی، بەڵكو ئیسلامێكی تەواو و واقیعی بوو".