عێراق ناتوانێت خۆی لە داوی ئێران رزگار بكات، هاوكات ناتوانێت بەرگەی گوشارەكانی ئەمەریكا بگرێت، ئێران بەهۆی خواستە ئەتۆمییەكەی و سیاسەتەكانی لە ناوچەكە كەوتووەتە ژێر سزای ئەمەریكا، بۆ خۆدەربازكردن لەو سزایانە عێراق بەكاردێنێت، لەوانە نەوتەكەی لە رێگەی عێراق ساغ دەكاتەوە و دۆلار بە قاچاغ لە عێراق دەبات، بۆیە لەگەڵ هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی مەترسییەكانی سەر ئابووریی عێراق بەهۆی سزادانی زیاتر دەبن.
بەپێی سەرچاوەكان تا ئێستە ئەمەریكا دەیان جار نامە و ئاماژەی بە عێراق داوە، بەوەی سزا دەخاتە سەر دامەزراوە داراییەكانی ئەگەر لە قاچاغی دۆلار بۆ بەرژەوەندیی ئێران بەردەوام بێت، شارەزایان دەڵێن ئێران عێراق وەك دەروازەیەك بۆ دەستكەوتنی دۆلار بەكاردێنێت، ئەوەش دوای رووخانی سیستمە داراییەكەی بەهۆی سزاكانەوە.
عەباس دەراجی مامۆستای زانكۆ دەڵێت، ئێران توانیویەتی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو باڵەكانی بخزێنێتە ناو دامەزراوە ئابووری و داراییەكانی عێراق لە رێگەی تۆڕی رێكخراو و مەشقپێكراو لەسەر فێڵكردن لە سیستمی بانكی عێراقی و بردنی زیاترین دۆلار بۆ تاران، بۆیە ئەو كارەساتەی عێراق بەو هۆیەوە دووچاری دەبێتەوە تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی نییە، بگرە گەورەترین بانكەكانی عێراق دەخاتە ژێر مەترسیی سزا نێودەوڵەتییەكانەوە، ئەوەش ئەگەر رووی دا رووخانێكی گەورەی ئابووری دەبێت.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژە دەكات كە مەترسیی راستەقینە هەیە بەوەی عێراق بكەوێتە ژێر سزای راستەوخۆی ئابوورییەوە، بەتایبەتی بانكەكانی، ئەوە ئەگەر وەڵامی وریاكردنەوەكانی ئەمەریكا نەداتەوە بە راگرتنی قاچاغی دۆلار بۆ ئێران، بۆیە ئاماژەكان بۆ تەنگژەیەكی ئابووری دیار كەوتووە، ئەگەر لەگەڵ ئەمەریكا پێك نەیەت و رووبەڕووی مافیاكان نەبێتەوە و گۆڕانكاری لە پەیكەری بانكەكانی نەكات.