پێشانگەیەكی شێوەكاریی عێراقی لە ئیسرائیل دەكرێتەوە

:: AM:09:23:10/02/2025 ‌
لە ژێر ناونیشانی "من المهد إلی الخراب- لە باڵاییەوە بۆ وێرانكاری" مۆزەخانەی هونەری ئیسلامی لە قودس، پێشانگەیەكی شێوەكاری بۆ ژمارەیەك شێوەكاری عێراقی كە زۆربەیان لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن كردەوە. ئەوەی پێشانگەكەی كردووەتەوە و سەرپەرشتیی دەكات، هونەرمەندێكی عێراقیی نیشتەجێی نیویۆركە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 10ی شوبات، راپۆرتێكی رۆژنامەی "جیرۆزالیم پۆست"ی ئیسرائیلیی بڵاو كردووەتەوە كە لەو پێشانگەیەدا شێوەكارانی عێراقی، هونەری سەردەمیان پێشان داوە و چیرۆكی تابلۆكانیش باس لەوە دەكەن كە عێراق لە باڵاییەوە بۆ ئێستە، گەیشتووەتە ئاستی وێرانكاری، سەرجەمیان گەلی عێراقیان لە دەسەڵاتەكان جیا كردووەتەوە كە ئەوان بوونەتە هۆی وێرانكاریی وڵاتەكە.

راپۆرتەكە باس لەوە دەكات كە پێشتر ئەفسەرێكی ئەمەریكی بەشدار بووە لە كڕینی تەواوی كارە هونەرییەكان تا لە بەرژەوەندییە هونەرمەندەكان لە ئەمەریكا بیانفرۆشێت، دواتریش هونەرمەندێكی ئیسرائیلی- ئەمەریكی كە بە رەسەن عێراقییە، تەواوی تابلۆكانی كڕیوە و ئاسانكاریی كردووە تا لە پێشانگەیەكی هونەری لە ئیسرائیل پێشانیان بدات.

ئاماژە بەوە دراوە، عوەید هالهامی كە شێوەكارێكی بە رەسەن عێراقییە و هەڵگری رەگەزنامەی ئیسرائیلی- ئەمەریكییە، تەمەنی گەیشتووەتە 86 ساڵ و لە نیویۆرك لە ئەمەریكا نیشتەجێیە، ئەو پێشانگەیش كە ئێستە لە ئیسرائیل و لە قودس كراوەتەوە، لەسەر ئەركی عوەید بووە. ئەو شێوەكارە پێشانگەیەكی تایبەتی خۆی لە نیویۆرك هەیە بەناوی "پێشانگەی بۆمجرانیت"، لەوێدا ژمارەیەكی زۆری تابلۆی شێوەكارانی عێراقیی پێشان داوە.

لەبارەی ئەو تابلۆیانەوە كە هی شێوەكارانی عێراقین، راپۆرتەكە باس لەوە دەكات كە چیرۆكی ناو تابلۆكان، روویەكی گەشاوەی عێراق پێشان دەدەن، بەجۆرێك عێراقێكی توندوتیژی و مردنیان تێدا نابینرێت، نەك ئەوەی ئێستە لە راگەیاندنەكاندا پێشان دەدرێت.

راستییەكەی لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە كاتی كردنەوەی پێشانگەكە نەكراوە و هاوكات دیار نییە چەند تابلۆی شێوەكارانی عێراقی پێشان دراون، تەنیا ئاماژە بە تابلۆكانی هونەرمەندان فازڵ عەباس، نەزیهە رەشید، ئەمەل عەلوان و محەمەد حەمدانی كراوە كە تێیاندا رووی گەشی عێراقی كۆن پێشان دەدەن.

راپۆرتەكە لەسەر زاری جەلعاد لیفیان كە بەڕێوەبەری گشتیی مۆزەخانەكەیە دەڵێت، عێراقییەكان زۆر شانازی بە كولتوورەكەیان دەكەن كە لەوپەڕی رۆشنبیریی مێژووی مرۆڤایەتین، بۆیە ئێمە ئەو ناونیشانەكەمان بۆ ئەم پێشانگەیە داناوە، چونكە عێراق شوێنێكە كۆنترین رۆشنبیریی لە مێژووی مرۆڤایەتیی تێدا سەریهەڵداوە، وێڕای ئەوەی عێراق بەرزی و نزمیی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەڵام كەلەپوورەكەی لەناو گەلەكەیدایە، جیاواز لەو دەسەڵاتانەی وڵاتەكەیان بەڕێوە بردووە.

لیفیان لەبارەی عوەیدیشەوە دەڵێت، وێڕای عوەید لە نیویۆرك دەژی، بەڵام عێراقییەكەی خۆی لە دەست نەداوە، لەو كتێبانەی تا ئێستە چاپی كردوون و بڵاوی كردووەنەتەوە، ئەو رۆشنبیرییە عێراقییانەی پێوە دیارە، تەنانەت جلوبەرگەكانیشی هێماكانی عێراقیان پێوە دیارە. بۆیە ناونیشانی پێشانگەكە تەواو ئاماژەیە بۆ ئەو كارەساتانەی لە سەدەكاندا بەسەر عێراق هاتووە، بەتایبەتی لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردووەوە تا هاتنی سەدام حوسێن بۆ سەر دەسەڵات.

راپۆرتەكە زیاتر باس لەو چیرۆكی ناو تابلۆكان دەكات كە تێیاندا عێراقێك دەبینرێت، زۆر جیاوازە لەو عێراقە وێرانەیەی ئێستە هەیە كە پڕ لە توندوتیژی و برین و ئازارە. لیفیان ئەوەشی گوتووە كە هەرچەند عێراق و عێراقییەكان تووشی زیان دەبن، بەڵام دواتر رۆشنبیرییەكەیان وا دەكات جارێكی تر هەستنەوە.

دواتریش راپۆرتەكە بەوە كۆتایی پێ هێناوە كە پێشانگەی شێوەكاریی عێراقیی لە مۆزەخانەی هونەری ئیسلامیی لە قودس، ئەو دەرفەتە جوان و دەگمەنە پێشان دەدرێت كە هونەرمەندان لە رۆحی سەردەم گەیشتوون و دەتوانن لەگەڵ دۆخی ئێستەی وڵاتەكەیان بەرجەستەی بكەن و جوانییەكان پێشان بدەن.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د