شرۆڤەكارێك: شەش مانگی داهاتوو راپەڕین عێراق و ئێران دەگرێتەوە

:: PM:10:44:11/02/2025 ‌

گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەردەوامن، تەوەری گۆڕانكارییەكان ئێران و میلیشیاكانین، خەریكە گۆڕانكارییەكان لە ئێران نزیك دەبنەوە و بەرپرسانی ئەمەریكا و ئێران لە میدیاكان وەڵامی یەكتر دەدەدەنەوە، شرۆڤەكارێكی سیاسی پێی وایە لە شەش مانگی داهاتوو راپەڕینی جەماوەری عێراق و ئێران دەگرێتەوە و رژێمی فەرمانڕەوای هەردوو دەوڵەت دەڕووخێن.

  محەمەد مەزحەجی شرۆڤەكاری سیاسی و شارەزا لە كاروباری ئێران  لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا عێراق و ئێران راپەڕینێكی فرەوانی جەماوەری بەخۆیانەوە دەبینن و دەبنە هۆی رووخانی رژێمی فەرمانڕەوایی لە بەغدا و تاران بەتایبەتی.

زیاتر دەڵێت، چەند لایەنێك لە ئێران، لەوانە سوپای پاسداران، هەوڵی دروستكردنی ناڕەزایەتیی كۆنتڕۆڵكراو بۆ رووخاندنی حكوومەتی مەسعوود پزیشكیان دەدەن، بەڵام ئەوجارە ناتوانن دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن.

ئەو شرۆڤەكارە پێشتریش لەبارەی پێوەندیی بەهێزی عێراق و ئێرانەوە رای گەیاندبوو كە ئێران زیاتر لە هەر وڵاتێكی تر بەسەر عێراق باڵادەستە، بۆیە عێراق دەبێتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی حیساباتی وڵاتان لەگەڵ ئێران، ئێستە ئێران كۆنترۆڵی كایەكانی سیاسی و تەناهیی عێراق دەكات.

دووپاتی كردەوە، لە بەرانبەردا واشنتن هەوڵی گۆڕینی ئاكارە بنەڕەتییەكانی ئێران دەدات، بەڵام ئاكارەكانی تاران تەنیا لە رێگەی گۆڕینی رژێمەكەیەوە دەگۆڕێت، بۆیە بەهۆی هزری عەقیدەیی فرەوانخوازیی ئێران واشنتن هەوڵ بۆ ئەوە دەدات.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل