بۆ ئەوەی چەوریی ورگت نەمێنێت.. ئەمانە بكەرە خووی بەیانیان

:: AM:08:58:12/02/2025 ‌
یەك لە كێشەكانی كەسانێكی زۆر كۆبوونەوەی چەوری لە ورگە و هەوڵی زۆر دەدرێت بۆ نەهێشتنی، وێڕای ئەوەی زیاتر باس لە جۆری خۆراك و راهێنانی وەرزشی دەكرێت، بەڵام بەشی تەندروستیی پێگەیەك بەپێی رێنوێنیی پسپۆرانی بوارەكە، باس لە هەندێك خوو دەكەن ئەگەر بەیانیان بیكەن، لە چەوریی ورگ رزگار دەبن.

پێگەی "عەرەبیە" هەواڵەكەی لە پێگەی "تایمز ئۆف ئیندیا" وەرگرتووە و بەپێی گوتەی پسپۆرانی بوارەكە، هەندێك خوو هەن بەتایبەتی لە بەیانیان پێڕەوی بكەن، بەتەواوی لە چەوریی ناوسك رزگار دەبن و ورگتان نامێنێت. دووپات دەكەنەوە كە رۆتینی بەیانیان كلیلی چارەسەری نەمانی ورگ و توانەوەی چەورییە.

لەبارەی خووەكانیشەوە باس لەوە دەكرێت كە بەیانیان یەك كووپ ئاوی شلەتێن لەگەڵ لیمۆ بخۆنەوە، ئەنجامێكی سەرسوڕهێنەری دەبێت بۆ توانەوەی چەوری، لیمۆ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین "سی" و یارمەتیی ئۆكسید بۆ چەوری دەدات، ئاوی شلەتێنیش هۆكارە بۆ هەرس و دەركردنی ژەهرەكان لە جەستەدا، بەشێوەیەكی گشتی چارەسەرێكە رژدە بۆ نەمانی ورگ و چەورییەكەی.

دووەم رێنوێنی خۆراكی پڕ پرۆتینە لە بەیانیان كە وا دەكات بۆ ماوەیەكی زۆر هەست بە برسێتی نەكەیت و ئارەزووت بۆ خواردن نەچێت، هاوكات ئاستی شەكر لە خوێندا هاوسەنگ دەكات. هێلكە و پەنیر و هەندێك چەرەزات، بۆ ماسولكە باشن و هاوكات چەوریی ناو سك دەتوێننەوە و ورگ ناهێڵن.

هەروەها باس لە راهێنانی وەرزشیی بەیانیان دەكەن بەرلەوەی خواردن، پسپۆران پێیان وایە ئەوەیان باشترین شتە مرۆڤ بەیانیان بیكات و دەتوانێ چەوریی ناو سەك بتوێنێتەوە، بەتایبەتی ئەوكاتەی جارێ گەدە هیچی تێدا نییە و جەستە پشت بە چەوریی یەدەگ بۆ وزە دەبەستێت لەبری كاربۆهیدرایت.

بۆ توانەوەی چەوریی ناو سك پسپۆران باس لەوەش دەكەن كە بەیانیان بەرلە خواردن، یۆگا بكەن و هەوایەكی قووڵ هەڵبمژن، چونكە ئەوەیان وا دەكات ئاستی كۆرتیزۆڵ داببەزێت و گەدە ئامادەیی بۆ هەرس هەبێت، بۆیە ئەوەیش هۆكارێكە و رۆڵ دەبینێت بۆ توانەوەی چەوری.

دواتریش باس لە خوویەك دەكەن كە زۆر پێویستە مرۆڤ بەپێی دەرفەت بەیانیان بەرلە خواردن بیكات، ئەوەیش بۆ ماوەی 10 تا 15 خولەك خۆتان بدەنە بەر هەتاو، ئەوە پارێزگاریی لە ئاستی تەندروستیی بۆ ڤیتامین "دی" دەكات، دواتریش توانەوەی چەوریی بەدواوە دێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د